پۆڵەتیک پرێس
لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
مەکتەبی سیاسی یەکێتی بەبۆنەی ساڵیادی ڕۆژی ڕۆژنامەگەریی کوردییەوە پەیامێک ئاڕاستەی سەرجەم رۆژنامەنوسان دەکات و رایدەگەیەنێت: ” لەم یادەدا پشتیوانی خۆمان بۆ گشت ڕۆژنامەنوسانی کوردستان دووپاتدەکەینەوە لەدەستڕاگەیشتن بە زانیاری ڕاست و دروست وفراوانکردنی پانتایی ئازادی میدیا”.
دەقی پەیامی مەکتەبی سیاسی…
لە یادی 126 ساڵەی دەرچوونی یەکەمین ژمارەی ڕۆژنامەی کوردستان لەسەر دەستی روناکبیری دوورە وڵات میقداد مەدحەت بەدرخان لەوڵاتی میسر، پیرۆزباییەکی گەرم دەکەین لەگشت ڕۆژنامەنوسانی کورد لەکوردستان یان لەهەرشوێنێکی جیهاندا کە لێبڕاوانە لە کایەی میدیا وفراوانکردنی ئازادی و دیموکراسیدا خزمەت بە کوردەوارییەکی پێشکەوتوو دەکەن.
ڕۆژی 22 ی نیسان 1898 بە بڵاوکردنەوەی یەکەمین ڕۆژنامەی کوردی دەستپێکی قۆناغێکی نوێی تێکۆشان هاتەکایەوە تا لەو ڕێگەیەوە برەو بە خەباتی داکۆکیکردن لەمافەکانی گەلەکەمان بدرێت.
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەسەر هەمان ڕێباز و دیدی سەرۆک مام جەلال بەردەوام دەبێت لە دابینکردنی دوانەی (نان وئازادی) بۆ ڕوناکبیران ڕۆژنامەنوسانی کوردستان، هەر ئەم تێڕوانینە وایکردوە هەمیشە یەکێتی لەهەر شوێنێک بوبێت کەشی ئازادی ڕۆژنامەگەری ئازاد بەرفراوانتر بووە.
لەم یادەدا پشتیوانی خۆمان بۆ گشت ڕۆژنامەنوسانی کوردستان دووپاتدەکەینەوە لەدەستڕاگەیشتن بە زانیاری ڕاست و دروست وفراوانکردنی پانتایی ئازادی میدیا لە تەواوی کوردستاندا، کاری میدیا خزمەتێکی گشتی کۆمەڵی کوردەوارییە شایانی دەستخۆشی وستایشە نەک دەستگیر و سەرکوتکردن و ڕامکردنی هەواڵ و زانیاریەکانیان بۆ رای گشتی .
مەکتەبی سیاسی
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان