پۆڵەتیک پرێس_
لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆکی یەکێتی لە گرتە ڤیدیۆیەکدا دەڵێت، لە ماوەی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنادا خۆیان لە بەرپرسیارێتی نەدزیوەتەوە و ئێستاش کە هەڵگری پەتای کۆرۆنایە تەندروستی زۆرباشە، داواش لە بەرپرسان دەکات پارە چاویان کوێر نەکات.
لە گرتەیەکی ڤیدیۆیدا کە لە لاپەرەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بڵاویکردۆتەوە، لاهور شێخ جەنگی ئاماژەی بۆ تووشبونی بە پەتای کۆرۆنا کرد و وتی،” دەکرێت ئێمەش توشی پەتای کۆرۆنا ببین سەرەرای ئەوەی ئێستا تەندروستیم زۆرباشە، خۆم بەخۆشحاڵ دەبینم تووشی کۆرۆنا بووم تا هەست بە ئازاری توشبووانی کۆرۆنا بکەم کە ڕووبەروی بوونەتەوە”.
هاوسەرۆکی یەکێتی دەشڵێت” لەماوەی بڵاوبونەوەی پەتای کۆرۆنا خۆمان لە بەرپرسیارێتی نەدزیوەتەوە و لەگەڵ ئازاری خەڵک بووین و لە هەر شارێک بە زۆنی مەترسیداری کۆرۆنا لە قەڵم دەدرا دەچووینە ناوچەکە تا هەوڵی ورە بەرزکردنەوەی خەڵک بدەین و لەگەڵ ئازاریان بین و لێكۆڵینەوە لە تەندروستی ناوچەکە بکەین و بارگرانیان کەمبکەینەوە”.
“ئێمە هەر لە سەرەتاوە باوەڕمان بە خۆ کەرەنتینکردن نەبوو، من باوەڕ وابووە دەبێت خۆمان ڕووبەروی پەتاکە ببینەوە و بەرگری لەشمان بەهێز بکەین و لە تێکەڵاوی خۆمان بپارێزین” لاهور شێخ جەنگی وای وت.
وتیشی” ڕوودەکەمە دەسەڵاتداران و پێیان دەڵێم باشتر بیربکەنەوە و هەوڵبدەن خزمەتی میللەت بکەن و پارە چاوتان کوێر نەکات، واز لە خزمەتی هاوڵاتیان مەهێنن، ئەوەی بۆتان دەمێنێتەوە ناو و ناوبانگە، چی جای کار بگاتە ئەوەی میللەت ڕەحمەت بۆ مردووان بنێرن، یان لێمان هەڵبگەرێنەوە و نەفرەت لە مردووانیش بکەن، بۆیە بیر لە سەروەت و سامان و کورسی مەکەنەوە، بەخۆدا بچنەوە و بارگرانی سەر هاوڵاتیان کەمبکەنەوە”.
لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆکی یەکێتی لە پەیامە ڤیدیۆییەکەیدا، سوپاسی کارمەندانی ئاسایش و ناوخۆ و تەندروستی دەکات و دەڵێت “بە دڵێکی گەورە و خۆڕاگرەوە و بەبێ مووچە هاوڵاتیان دەپارێزن، دەستخۆشیتان لێدەکەم و دەزانم زۆرتان تەحەموول کردووە داواتان لێدەکەم، ماوەیەکی دیکە تەحەموول بکەن، تا پێکەوە دۆخی نەخوازراوی هەرێم تێبپەڕێنین”.
Posted by Lahur Sheikh Jangi Talabany on Tuesday, August 11, 2020