مەکتەبی سیاسیی یەکێتی: پێویستە هەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا و بێ دواکەوتن بکرێت

پۆڵەتیک پرێس

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

مەکتەبی سیاسیی یەکێتی لە دەباشان کۆبووەوە و لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، جەختیان لەسەر هەڵوێستی نەگۆڕی حیزبەکە کردەوە کە “پێویستە هەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا و بێ دواکەوتن بکرێت.”

دەقی راگەیەندراوی کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی :

بەسەرپەرشتی سەرۆک بافل جەلال تاڵەبانی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشمانیی کوردستان کۆبۆوە بۆ تاوتوێکردنی  دوا ئامادەکاری یەکێتیی لەسەرجەم بازنەکانی سلێمانی، هەولێر، دهۆک و هەڵەبجە بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان کە بڕیارە رۆژی 10-6-2024 لە هەرێم بکرێت. کۆبوونەوەکە  پێداگری کردەوە  لەسەر پێویستی بەپەلە دابەشکردنی مووچە وەک ئەولەویەتی ژیان و گوزەرانی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان. کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسیی  کە ئەمرۆ (19-3-2024) لە دەباشان بەرێوەچوو وێرای وەبیرهێنانەوەی ئامادەگەیی لەمێژینەی یەکێتیی بۆ هەڵبژاردن، تەئکیدی لەسەر هەڵوێستی نەگۆڕیشی کردەوە کە پێویستە هەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا و بێ دواکەوتن بکرێت. وەک تەنهاو تەنها رێگای راست و رەوای نوێکردنەوەی پرۆسەی دیموکراسیی و شەرعیەتی حوکمڕانی لەوڵاتەکەماندا.

کۆبوونەوە پێی وایە ئەنجامنەدانی هەڵبژاردن لە وادەی راگەیەندراوی  خۆیدا، بەهەر بیانووییەکەوە بێت ، پاشەکشەیە لە کاروانی دیموکراسیی و سەرەنجام شەرعیەتی دامەزراوەکانی هەرێمیش دەخاتە ژێر پرسیارەوە. تەئکیدیشی کردەوە  پاراستنی قەوارەکەمان  لە هەڕەشە و مەترسی،  تەنها لەرێی گەڕانەوە  بۆ ڕای کۆمەڵانی خەڵک و دیاریکردنی نوێنەرەکانیان لە هەڵبژاردنێکی پەرلەمانی پاک و بێگەردی ئەوتۆدا دەبێت کە روانینی سەرجەم هێز و لایەنەکان بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی  نێوان هەرێم و بەغدا لە خۆبگرێت، بەتایبەتی کێشەی مووچە و گوزەرانی خەڵک.

کۆبوونەوەکەی  مەکتەبی سیاسیی هەڵوەستەی  لەئاستی ئەو راستیەشدا  کرد کە ئەزموونی  زیاتر لە سێ دەیەی  کوردستانی ئازاد بە  قوربانیدانی خەڵکی کوردستان بەدیهاتووە و پێویستە لەرێی دەستاودەستکردنی دیموکراتیانەی دەسەڵاتەوە بپارێزرێت، بەو جۆرەی رێز و متمانەی خۆی لای کۆمەڵگەی نێوەدەوڵەتی پتەوتر بکات کە پشتیوانی لە ئەزموونێک دەکات ئازاد و دیموکرات و شەرعی بێت.

مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

19-3-2024

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا