پۆڵەتیک پرێس:
لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
ئاژانسی هەواڵیی رۆیتەرز لە زاری بەرپرسێکی سەربازیی ئەمریکا کە نەیویست ناوی ئاشکرابکرێت رایگەیاند، لە هێرشەکەی رۆژی شەممەی سەر بنکەی عەین ئەسەد لە پارێزگای ئەنبار، ژمارەیەک سەربازی ئەمریکی و عێراقی بریندار بوون.
لەبارەی هێرشەکانەوە، فەرماندەیی ناوەندی سوپای ئەمریکا رایگەیاند، رۆژی شەممە بنکەی سەربازی عەین ئەسەد بە ژمارەیەک مووشەکی بالیستی و هەمەجۆرەوە لەلایەن گرووپە پاڵپشتەکانی ئێرانەوە کراونەتە ئامانج.
هەر لە بەیاننامەکەدا هاتووە، ژمارەیەک سەربازی ئەمریکی پشکنینینی مێشکیان بۆ دەکرێت تا لە ئەگەری بەرکەوتنی بەهێز، چارەسەری پێویست وەربگرن. بەڵام جگە لەمە هیچ زیانێکی گیانی یاخوود ژمارەی بریندارەکان ئاماژەی پێنەکراوە.
سێنتکۆم ئاماژەی بەوەشداوە، زۆرینەی مووشەکەکان لەلایەن سیستمی بەرگریی بنکەکەوە بەرپەرچدراونەتەوە و خراونەتە خوارەوە.
کاتژمێر 6:30 خولەکی ئێوارەی رۆژی شەممە، گرووپی چەکداری مقاوەمەی ئیسلامی ژمارەیەک مووشەکی بالیستی و درۆنی خۆکوژی هێرشیانکردە سەر بنکەی سەربازیی عەین ئەسەد، لە ئەنجامی هێرشەکەدا لانیکەم سەربازێکی عێراقی و ژمارەیەک سەربازی ئەمریکی بریندار بوون.
بنکەی عەین ئەسەد دەکەوێتە رۆژئاوای پارێزگای ئەنبار و گەورەترین بنکەی سەربازی هێزەکانی هاوپەیمانانە بەسەرۆکایەتی ئەمریکا لە عێراق و زیاتر لە 2 هەزار و 500 سەرباز لەو بنکەیە ئەرکیان راوێژکردن و مەشقدانە بە هێزە عێراقییەکان لەشەڕی دژی تیرۆرستانی داعش.
لەپاش راگەیاندنی ئۆپراسیۆنی شمشێری ئاسنین لەلایەن ئیسرائیلەوە دژ بە فەڵەستین، هێرشە مووشەکییەکانی سەر بنکە و پێگەکانی ئەمریکا لە عێراق و سووریا روو لە زیادبوونە، بەجۆرێک تەنها لە رۆژی 17ـی تشرینی دووەمی 2023وە، زیاتر لە 75 جار هێرشکراوەتە سەر بنکەو بارەگاکانی هێزەکانی سوپای ئەمریکا لە عێراق و سووریا.