بافڵ جەلال تاڵەبانی: ئامانجمان قووڵكردنەوەی برایەتی و یەكڕیزییە لەنێوان سەرجەم لایەنە سیاسییەكان

پۆڵەتیك پرێس

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە بارەگای مەكتەبی سیاسی لە هەولێر پێشوازیكرد لە وەفدێكی باڵای ئەمریكا بە سەرۆكایەتی ڤیكتۆریا نوڵاند، جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمریكا بۆ كاروباری سیاسی بەوەكالەت.

‏‎لە دیدارێكدا كە دەرباز كۆسرەت رەسوڵ، لێپرسراوی مەكتەبی پەیوەندییەكانی دەرەوە و دارا خەیلانی، لێپرسراوی بۆردی پەیوەندییەكانی دەرەوە و ئەلینا رۆمانۆسكی، باڵیۆزی ئەمریكا لە عیراق ئامادەبوون، دۆخی سیاسی و سەقامگیریی ناوچەكە گفتوگۆی لەبارەوەكرا و جەخت لە یەكخستنی هەوڵەكان كرایەوە لەپێناو سەرخستنی پرۆسەی سیاسی و پاراستنی ئارامی و ئاسایشی هەرێمی كوردستان و عیراق.

‏‎بافڵ جەلال تاڵەبانی پەرۆشیی یەكێتی بۆ پاراستنی سەقامگیریی عیراق دووپاتكردەوە و رایگەیاند، هەوڵەكانمان لەپێناو دوورخستنەوەی وڵات لە گرژی و ناكۆكییەكان بەردەوامە و لەگەڵ هێز و لایەنەكانیتر لە گفتوگۆداین تاوەكو ئەو دۆخە نەخوازراوەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی تێدایە، كاریگەریی لەسەر ئاشتی و ئارامیی ناوچەكە نەبێت.

‏‎لەبارەی هەرێمی كوردستان و هەوڵەكانی یەكێتی بۆ یەكخستنەوەی ناوماڵی كورد، بافڵ جەلال تاڵەبانی ستراتیژی حزبەكەی روونكردەوە و رایگەیاند، ئامانجمان قووڵكردنەوەی برایەتی و یەكڕیزییە لەنێوان سەرجەم لایەنە سیاسییەكان، دەمانەوێت هەموومان پێكەوە كار بۆ چارەسەركردنی كێشەكان و رووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییەكان بكەین. وتیشی، بەرپرسیارین بەرامبەر بەهێزتركردنی قەوارەی هەرێم و دابینكردنی ژیانێكی سەقامگیر بۆ خەڵكەكەمان، بۆ ئەمەش پێویستە هەمووان هاوكار و هەماهەنگبن.

‏‎لەبەرامبەردا وەفدی باڵای ئەمریكا جەختیان لە پاراستنی ئاسایشی هەرێم و عیراق كردەوە و رایانگەیاند، سەقامگیریی ناوچەكە گرنگییەكی زۆری بۆ ئێمە هەیە و هەماهەنگییەكانمان لەو پێناوەدا بەردەوام دەبێت.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا