ژمارەیەک هێرشکاری سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق دەستگیرکران

پۆڵەتیک پرێس

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

وتەبێژی فەرماندەیی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق بڵاویکردەوە، بەشێک لەو کەسانەیان دەستگیرکردووە کە رۆژی 7ـی کانوونی یەکەم هێرشیانکردبووە سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدای پایتەخت.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 14ـی کانوونی یەکەمی 2023، لیوا یەحیا رەسووڵ، وتەبێژی فەرماندەیی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، پاش هەوڵێکی چڕی دەزگای هەواڵگری عێراق، ناسنامەی ئەو کەسانە ئاشکراکراوە کە رۆژی 7ـی ئەم مانگە هێرشیانکردە سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا لەبەغدا و بەشێکیان دەستگیرکراون.

لیوا یەحیا رەسووڵ ووتیشی، “هێرشەکەی سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق دەستدرێژییە بۆسەر ئاسایش و سەروەریی عێراق”.

بە ووتەی لیوا یەحیا رەسووڵ، بەشێک لە هێرشکارەکان پەیوەندییان بە دەزگا ئەمنییەکانەوە هەیە، هاوکات ووتیشی، دەسەڵاتی دادوەریی عێراق، فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ سەرجەم هێرشکارەکان دەرکردووە و بە زووترین کات دەبێت سزای خۆیان وەربگرن.

کاتژمێر 4:15 بەرەبەیانی رۆژی پێنجشەممە، رێککەوتی 7ـی کانوونی یەکەم، لە رێگەی دوو مووشەکەوە باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا کرایە ئامانج و باڵیۆزخانەکەش بە فەرمی داوای لە حکومەتی عێراق کرد کە سنوورێک بۆ هێرشەکانی سەر هێز و بنکەکانی ئەمریکا دابنێت و پاراستنی گیانی نێردە و دیپلۆماتکارەکانی خستە ئەستۆی حکومەتی عێراق

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا