پۆڵەتیك پرێس
لەتێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
دەزگای دژەتیرۆری کوردستان بەبۆنەی رۆژی شکاندنی تیرۆرستانی داعش پەیامێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، ” سەرکەوتن لەو جەنگە سەپێنراوەدا، ئەنجامی یەکگرتوویی و یەک هەڵوێستی بوو، ئەوەشی بۆ سەلماندین کاتێک دەستمان لەناو دەستی یەکە، هیچ دوژمنێک توانای ئەوەی نییە بەرامبەرمان بوەستێت”.
دەقی پەیامەکەی دەزگای دژەتیرۆری کوردستان:
6 ساڵ لەمەوبەر، دوای ئازادکردنی دوایین ناوچە کە لەلایەن تیرۆرستانی داعشەوە داگیرکرابوو، سەرکەوتنی کۆتایی بەسەر ئەو ڕێکخراوە تیرۆرستییەدا ڕاگەیاندرا.
لەپێناو ئەم سەرکەوتنە مێژووییە بەسەر تیرۆردا، گەلی کوردستان و عێراق قوربانییەکی زۆریان بەخشی و ئەنجامی ساڵانێکی زۆر جەنگ و دەیان هەزار شەهید و بریندار بوون.
بێگومان لە یەکەم ڕۆژەوە، وڵاتانی دراوسێ و هەرێمیی و جیهان هاوکاری مرۆیی و سەربازییان گەیاندە دەست هێزە کوردیی وعێراقییەکان بۆ ڕووبەڕووبونەوەی داعش، هاوپەیمانان پشت و پەنایەکی بەهێز بوون لەو جەنگەدا، بەڵام ئەوەی ڕاستییە و دەبێت هەمووان درکی پێبکەن ئەوەیە کە سەرکەوتن لەو جەنگە سەپێنراوەدا، ئەنجامی یەکگرتوویی و یەک هەڵوێستی بوو، ئەوەشی بۆ سەلماندین کاتێک دەستمان لەناو دەستی یەکە، هیچ دوژمنێک توانای ئەوەی نییە بەرامبەرمان بوەستێت.
بە شانازییەوە هێزی دژەتیرۆر – CTG قارەمانانە توانی لەو جەنگەدا خۆی بسەلمێنێت و ببێتە سەرە ڕمی هێرشەکان و قەڵغانی پاراستنی کوردستان، ڕۆژێک لە هەولێر و ڕۆژێک لە کەرکوک، تا دەگاتە مەخمور و جەلەولا و خانەقین و دەیان ناوچەی دیکە، دژەتیرۆر هەردەم لە ئامادەباشیدابووە بۆ قوربانیدان لەپێناو پاراستنی خاکەکەمان لە دەستی نەیارانی ژیان و ئاشتیی.
دەست بە سنگەوە دەگرین بۆ سەرجەم شەهیدانی دەستی تیرۆر و لە خودای گەورە داواکارین شیفا بۆ برینداران و شەهیدە زیندووەکان بنێرێت.
بەڕێوبەرایەتیی گشتیی دژەتیرۆر
10ی کانوونی یەکەمی 2023