هێنری کیسینجەر.. سیاسەتمەدارە مشتومڕاوییە ئەمریکیەکە (ڕێوی سیاسەت)

پۆڵەتیک پرێس

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

لەبەر زۆر هۆکار، هێنری کیسینجەر، وەزیری دەرەوەی پێشووی ئەمریکا، ناتوانرێت بە سیاسەتمەدارێکی سادە هەژمار بکرێت کە بتوانرێت لە یەک پۆلدا پۆلێن بکرێت، ئەو ڕێوییەکی فێڵباز بوو، هەروەها کەسایەتییەکەی کاریگەری سەرەکی تەنانەت دوای جێهێشتنی پۆستەکەی هەبوو، هەندێک کەس ستایشی سەرکەوتنە دیپلۆماسییەکانی دەکەن و لای هەندێک کەسیش تێڕوانینە سیاسییەکانی لەسەر جیهان جێگای مشتومڕە.

هێنری کیسینجەر تەمەنێکی درێژ و ژیانی پیشەیی درێژ و فراوانی ژیاوە، لە 29 ی ئەم مانگە لە ماڵەکەی خۆی لە کۆنتێکتیکۆت، لە تەمەنی 100 ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.

ئەوەی جێی سەرنجە ئەم سیاسەتمەدارە ئەمریکییە پشووی نەدا و خانەنشین نەبووە لە کارەکەی، بەڵکو درێژەی بە چالاکییەکانی خۆی دا

ئەوەی جێی سەرنجە ئەم سیاسەتمەدارە ئەمریکییە پشووی نەدا و خانەنشین نەبووە لە کارەکەی، بەڵکو درێژەی بە چالاکییەکانی خۆی دا و لە ڕێگەی کۆمپانیای ڕاوێژکاری خۆیەوە ڕۆڵی دیپلۆماسی ئەنجامدا، بەجۆرێک لە مانگی تەمموزی ئەمساڵدا بە شێوەیەکی چاوەڕواننەکراو سەردانی پایتەختی چینی کردو لەگەڵ سەرۆکەکەی، شی جینپینگ کۆبووەوە!

هێنری کیسینجەر لە ساڵی 1938 لەگەڵ خێزانەکەی گەیشتە ئەمریکا، لە ژێر دەسەڵاتی نازی لە ئەڵمانیا هەڵات، لەوێوە دەستی بە کاری خۆی کرد بە خوێندنی ژمێریاری، پاشان پەیوەندی بە سوپا و هەواڵگری سەربازییەوە کرد، پاشان پسپۆڕی لە زانستە سیاسییەکان و دیپلۆماسی بەدەستهێنا و بوو بە یەکێک لە درەوشاوەترین وەزیری دەرەوە لە مێژووی ئەمریکادا.

کیسینجەر لە مانگی یەکی ساڵی 1969 تا مانگی یەکی ساڵی 1977 وەک ڕاوێژکاری باڵای ئاسایشی نیشتمانی و وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە سەردەمی سەرۆکەکان ڕیچارد نیکسۆن و جیراڵد فۆرد کاری کردووە.

کیسینجەر لە تەمەنی پەنجا و سێ ساڵیدا پۆستەکەی بەجێهێشت و چوار دەیە وەک ڕاوێژکاری تایبەت لە پەیوەندییە ستراتیژییەکان لەگەڵ حکومەتەکانی جیهاندا کاری کرد.

ئاشتۆن کارتەر وەزیری بەرگری پێشووی ئەمریکا پێشتر بە گەورەترین وەزیری دەرەوەی ئەمریکا وەسفی کردبوو و ئاماژەی بەوە کردبوو کە ” ئەمریکا و جیهان زۆر قەرزاری ئەم کەسە دیارەن…گەورەترین وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە مێژووی کۆمارەکەماندا تۆماری سەرنجڕاکێشی دەستکەوتەکانی لە مێژووی ئەمریکادا بێ وێنەیە”.

سەرەڕای دەستکەوتەکانی، کیسینجەر ڕەخنەی زۆریشی لێگیراوە، زۆربەی ڕەخنەکانی لەسەر کردەوەکانی لە کاتی جەنگی ڤێتنامدا بووە

ئەم سیاسەتمەدارە ئەڵمانی – جوولەکە ئەمریکییە، کە مێژوویەکی دوور و درێژی لە کاری نێودەوڵەتیدا هەبووە لە سەردەمی جەنگی سارد و لە سەردەمی گەورەترین و ئاڵۆزترین پرسەکاندا، لەوانەش جەنگی ڤێتنام، بە توانای وەسفکردنی شتەکان وەک خۆیان بە وردبینییەکی زۆرەوە جیادەکرایەوە، لەنێویاندا وتە بەناوبانگەکەی کە دەڵێت: “دوژمنی ئەمریکا بیت مەترسیدارە، بەڵام هاوڕێ بوون کوشندەیە.

سەرەڕای دەستکەوتەکانی، کیسینجەر ڕەخنەی زۆریشی لێگیراوە، زۆربەی ڕەخنەکانی لەسەر کردەوەکانی لە کاتی جەنگی ڤێتنامدا بووە.

کیسینجەر هێرشەکانی ئەمەریکای بۆ سەر کەمبۆدیا و لائۆسی لە ساڵی1978 بە نهێنی هێشتەوە، کە بووە هۆی پەرەپێدانی جەنگی ڤێتنام، و سەرکەوتوو نەبوو لە ئاگادارکردنەوەی کۆنگرێس یان خەڵکی ئەمەریکا لەوبارەیەوە.

هەروەها لەلایەن نیکسنەوە دەسەڵاتی پێدرا بۆ ئەنجامدانی دانوستانی نهێنی لەگەڵ ڤێتنامییەکانی باکوور. هەرچەندە لە کۆتاییدا کیسینجەر یارمەتیدەر بوو بۆ هێنانەدی ڕێککەوتنەکانی ئاشتی پاریس، ڕەخنەگرانی دەڵێن ساڵانی دانوستانە نهێنییەکان تەنیا شەڕەکەی درێژکردەوە.

هەروەها کیسینجەر ڕەخنەی زۆری لێگیراوە بەهۆی ڕۆڵی لە ململانێکانی جیهاندا، لەوانە شەڕی ناوخۆی ئەنگۆلا کە گەشەی کرد و بوو بە گۆڕەپانی شەڕی جەنگی سارد و دەستێوەردانی ئەمەریکا لە شیلی، کە لە ساڵی 1973دا کودەتایەک ئەنجام درا.

لە کاتێکدا کیسینجەر لە پۆستی وەزیری دەرەوەدا مایەوە دوای ئەوەی نیکسن لە ساڵی 1974 دەستی لەکارکێشایەوە، بەڵام لە شەرمەزاری ناسراو بە واتەرگەیتدا بێ زیان نەبوو. لە دەمی لێکۆڵینەوە لەو دۆسێیەدا ئاشکراش بوو کە کیسینجەر فەرمانی بە FBI دابوو گوێ لە ئەندامانی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی بگرێت بۆ ئەوەی بزانێت کێ هەواڵی بۆردومانی کەمبۆدیای بۆ میدیاکان دزە پێکردووە.

هەروەها تۆمەتبار کرا بە ڕێکخستنی کودەتا لە شیلی لە ساڵی 1973 و لە قوبرس لە ساڵی 1974، بۆردومانی کەمبۆدیا لە ساڵی 1969 و داگیرکردنی خاکەکانی لە ساڵی 1970، هەروەها بە تێوەگلانی لە ڕووداوە نێودەوڵەتییە خوێناوییەکانی دیکە، هاوکات کورد ئەزمونی تاڵی لەگەڵ کیسنجەر هەیە بەوەی بە ئەندازیاری رێککەوتننامەی شومی جەزائیر لە نێوان سەددام حسێن و شای ئێران دادەنرێت کە نسکۆی شۆڕشی 14 ساڵەی ئەیلولی بەدواداهات.

بەڵام لە ساڵی 1973 خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی بەدەستهێنا لەگەڵ لی دوک تۆی ڤێتنامی باکوور بەهۆی هەوڵەکانیان بۆ دانوستاندن بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی ڤێتنام.

ئەم “خەڵاتە” پاداشتی کیسینجەر بوو بۆ ئەو دانوستانە نهێنیانەی کە بووە هۆی ڕێککەوتنی پاریس لە ساڵی 1973 کە کۆتایی بە دەستێوەردانی سەربازی درێژخایەن و خوێناوی ئەمریکا لە ڤێتنام هێنا.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا