بافڵ جەلال تاڵەبانی: دەمانەوێت ئەو بابەتانەی رەهەندی نیشتمانییان هەیە بە كۆدەنگی بڕیاری لێبدرێت

پۆڵەتیك پرێس

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە بارەگای مەكتەبی سیاسی لە هەولێر پێشوازی لە یاكۆ بیرێندز، كونسوڵی گشتیی شانشینی هۆڵەندا‎ ‎لە هەرێمی كوردستان كرد.

لە دیدارەكەدا دەرباز كۆسرەت رەسوڵ لێپرسراوی مەكتەبی پەیوەندییەكان و دارا خەیلانی ئەندامی سەركردایەتی ئامادەبوون دۆخی گشتیی هەرێمی كوردستان و پرسی هەڵبژاردن گفتوگۆی لەبارەوەكرا و جەخت لە بەردەوامیی گفتوگۆكان كرایەوە لەپێناو گەیشتن بە چارەسەرێكی یەكجارەكی لەبارەی ئەو پرسانەی ناكۆكییان لەسەرە.

پەیوەست بە پرسی هەڵبژاردن و پەیوەندیی نێوان هێز و لایەنە سیاسییەكانی هەرێم، بافڵ جەلال تاڵەبانی رایگەیاند، یەكێتی پشتیوانیی هەر هەوڵێك دەكات كە ئامانجەكەی بەهێزتركردنی قەوارەی هەرێم بێت، دەشمانەوێت ئەو بابەتانەی رەهەندی نیشتمانییان هەیە بە كۆدەنگی بڕیاری لێبدرێت، چونكە تەنیا بە یەكڕیزی و پێكەوەیی دەتوانین ناوماڵی كوردستان بپارێزین.

ئەنجامدانی هەڵبژاردنێكی بێگەردیش كە وەڵامدەرەوەی خواستی هەموولایەك بێت، زامنی بەدیهێنانی ئەو ئامانجە باڵایانە دەكات.

رێكخستنەوەی هێزەكانی پێشمەرگە تەوەرێكیتری دیدارەكە بوو و لەوبارەیەوە بافڵ جەلال تاڵەبانی وتی، پرسەكە لای ئێمە تایبەتمەندیی خۆی هەیە و هەموو هەوڵێكمان لەپێناو تێپەڕاندنی بەربەستەكاندایە. دەمانەوێت هێزێكی نیشتمانیی تۆكمە بونیادبنێین كە لە خزمەت بەرژەوەندییە باڵاكاندا بێت، بەڵام دەبێت دادپەروەری لەبەرچاوبگیرێت و دووربێت لە بەرژوەندیی تایبەت.

سەبارەت بە ژیانی هاوڵاتییان و خراپی دۆخی گوزەرانی مووچەخۆرانەوە بافڵ جەلال تاڵەبانی روونكردنەوەیدا و ئاماژەی بۆ ئەوەكرد، پێویستە هەموو هەوڵەكان لەپێناو كۆتاییهێنان بەو دۆخە نەخوازراوە یەكبخرێن و چیتر رێگەنەدرێت ژیانی خەڵك بكرێتە قوربانیی ململانێ سیاسییەكان. هەوڵەكانیشمان لەو پێناوەدا بەردەوامە و دەستەبەركردنی ژیانێكی شایستە بۆ خەڵكەكەمان، كاری لەپێشینەمانە.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا