تیمێكی تەكنیكیی دارایی حكومەتی هەرێم دەچێتە بەغدا

پۆڵەتیك پرێس

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

سبەی تیمێكی تەكنیكیی دارایی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەچێتە بەغدا و كۆبوونەوەی شاندی حكومەتی هەرێمی كوردستانیش لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق دواخرا.

بەگوێرەی زانیارییەكان بڕیارە سبەی دووشەممە تیمێكی تەكنیكی دارایی هەرێمی كوردستان بچێتە بەغدا بەمەبەستی وردبینی، پێداچوونەوە و پاكتاوكردنی حیساباتی مانگەكانی رابردووی هەرێمی كوردستان لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراق.

رۆژی چوارشەممە، 26-07-2023 شاندی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ گفتوگۆكردن لەگەڵ حكومەتی عێراق لەبارەی جێبەجێكردنی یاسای بودجەی عێراق و ناردنی بەشەبودجەی هەرێمی كوردستان، گەڕایەوە بەغدا.

د. ئومێد سەباح، سەرۆكی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان رۆژی پێنجشەممەی رابردوو پێش گەڕانەوەیان لە بەغداوە بۆ هەرێمی كوردستان راگەیاند، شاندەكەیان جارێكی دیكە دەگەڕێتەوە بەغدا و رۆژی دووشەممە لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق كۆدەبێتەوە، بەڵام كۆبوونەوەی شاندی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق بۆ رۆژی سێشەممە دواخراوە. ئەو شاندە بڕیارە لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراقیش كۆبێتەوە.

حكومەتی هەرێمی كوردستان چاوەڕێ دەكات، ئەم هەفتەیە حكومەتی عێراق بڕەپارەیەك بۆ هەرێمی كوردستان بنێرێت.

یاسای بودجەی عێراق بۆ ساڵانی 2023، 2024 و 2025 ە و قەبارەی پارەكەی بۆ هەر ساڵێك 198 تریلیۆن و 975 ملیار و 343 ملیۆن و 590 هەزار دینارە؛ لەو بڕە 16 تریلیۆن و 609 ملیار و 639 ملیۆن و 162 هەزار دیناری پشكی هەرێمی كوردستانە.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا