پۆڵەتیك پرێس
هەڵسوڕاوێكی بزوتنەوەی گۆڕان دەڵێت، باشترین كار بۆ جێبەجێكردنی لامەركەزی لە هەموو پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان، هەمواركردنەوەی یاسای ژمارە سێی ساڵی 2009 یە، لەسەر هەموو لایەنەكانیش “ئەوانەی لە ناو حكومەتن و ئەوانەی لە دەرەوەی حكومەتن” پێویستە كار بۆ جێبەجێكردنی لامەركەزی بكەن.
كاوە عەبدوڵڵا، هەڵسوڕاوی بزوتنەوەی گۆڕان بە پۆڵەتیك پرێس-ی راگەیاند:”یەكێك لە خەسڵەتە گرنگەكانی لامەركەزی نەمانی رۆتینە، بوونی دادپەروەری و شەفافییەتە، پێم وایە پێویستە هەموومان ئەوانەی لە ناو حكومەتن و ئەوانەی لە دەرەوەی حكومەتن پێداگری بكەین، لامەركەزی لە هەموو پارێزگاكانی هەرێمی كوردستاندا جێبەجێبكرێت”.
ئەو هەڵسوڕاوەی گۆڕان وتی:”ئەو بەشەی كارنامەی حكومەت كە تایبەتە بە لامەركەزی كاری لەسەركراوە بە دوو ئاراستە، ئاراستەیەكیان بەپێی پەیڕەوێك هەندێك لە دەسەڵاتەكان دابەزێنن بۆ پارێزگار و قائیمقام و بەڕێوەبەری ناحیە و بەڕێوەبەرەگشتییەكان، ئاراستەی دووەم هەمواركردنەوەی یاسای ژمارەی سێی ساڵی 2009 یە كە من پێم وایە ئەمە باشترین كارە بۆ ئەوەی بتوانین لامەركەزی لە هەرێمی كوردستان جێبەجێبكەین”.