پۆڵەتیك پرێس
فەرماندەیەكی پێشمەرگەی پارتی لە دهۆك وردەكاری پێكدانەكەی نێوان هێزەكانی پێشمەرگەی پارتیو گەریلاكانی پارتی كرێكارانی كوردستان پەكەكە لە سنوری ئامێدی ئاشكراكرد، هاوكات پەكەكەی بەهۆكاری رووداوەكە زانی.
جەمال سیاری فەرماندەی پێشمەرگەی پارتی لە دهۆك بە پۆڵەتیك پرێسی راگەیاند، ئەو روبەروبونەوەیەی شەوی رابردوی پێشمەرگە و پەكەكە لە سنوری سەرسینكێ و شیلادزێ قەزای ئامێدی بوو.
وتیشی، ” لە ڕوبەڕوبوونەوەكەدا پێشمەرگەیەك و دوو گەریلای پەكەكە كوژران و لەئێستاشدا دۆخەكە ئاسایی بووەتەوە”.
ئاماژەی بەوەشكرد، پێش چەند رۆژێكیش وەك پێشمەرگە شەش گەریلای پەكەكەیان دەستگیركردووە كە چەك و رومانەیان پێبووە، بەبەردەوامی هەڕەشە لە پێشمەرگە دەكەن و مەترسی شەڕوپێكدادان هەیە.
لە ماوەی رابردوشدا گرژی و ئاڵۆزی لەنێوان پارتیو پەكەكە دروستبوو، بەشێوەیەك كاردانەوەی دروستكرد و كاردانەكانیش بەو ئاراستەیە بوون، كە نابێت گرژییەكان بگەن بە پێكدادانی سەربازی.
بەردەوام هەردولاش بە هەوڵدان بەهەڵگیرسانی شەڕی كورد بە كورد یەكتری تۆمەتبار دەكەن، تائێستاش پەكەكە تەنها باس لە برینداربوونی چەند گەریلایەك دەكات و ئاماژەی بەبوونی كوژراو لە ریزەكانی خۆیدا نەكردووە.