پۆڵەتیك: سپۆڕت
چالاكییەكانی یەكێتی موای تای عێراق لە شاری سلێمانی چڕتر دەبێتەوە پاش ئەوەی لە ماوەی ڕابردوو چالاكی یەكەمی موای تای هونەری بەرگری تایلەندی لە شاری سلێمانی بۆ یانەكان و بۆ چەندان یاریزان و ڕاهێنەران ساز كرا لە هۆڵی یانەی ئاشتی.
بڕیارە سبەی پێنج شەممە تا ڕۆژی شەممەی داهاتوو لە هۆڵی میوانخانەی میهراكۆ لە سەر شاڕێی سالم لە شاری سلێمانی و هەروەها لە هۆڵی یانەی ئاشتی دووەم چالاكی یەكێتی موای تای عێراق بە سپۆنسەری ڕاستەوخۆی سەرۆكی یەكەی ئیداری شارەكە دكتۆر هەڤاڵ ئەبو بەكر بەڕێوە بچێت كە ئەویش خولێكی پێشكەوتوان و پلە بەرز كردنەوەی داوەرانە كە خۆی لە خولێكی ئارەزوومەندانەی ئازاد دەبینێتەوە كە هەموو كەسێك دەتوانێت بەشداری تیادا بكات.
سیروان مینە سەرۆكی یەكێتی موای تای سلێمانی و ئەندامی یەكێتی موای تای عێراق و بەڕێوەبەری خولەكە تایبەت بە Politic Sport ی ڕاگەیاند: (بە خۆشحاڵییەوە شارە حەیاتەكەی سلێمانی دووەم چالاكی ئەمساڵی موای تای لە ئامێز دەگرێت لە چوار چێوەی ئەو 3 چالاكییەی كە بڕیار دراوە لە لایەن یەكێتی موای تای عێراقەوە).
مینە ئەوەشی ئاشكرا كرد كە: (دكتۆر هەڤاڵ ئەبو بەكر پارێزگاری سلێمانی هەستێكی جوانی لای ئێمە دروست كرد بەو هەموو پەرۆشییەی بۆ چالاكییەكان و بۆ خزمەتی وەرزش پیشانی داو سپۆنسەری خولەكەشی كرد ئەمەش گەواهیدەری ئەوەیە كە شارەكەمان لە پایتەختی ڕۆشنبیرییەوە دەكرێت هەنگاویش بەرەو شاری پایتەختی وەرزشیش هەڵبهێنێت و پارێزگاریشمان پێشڕەوێك دەبێت لەو ڕێگەیەدا كە وەرزشیش جارێكی تر ببێتەوە ناسنامەی شاری سلێمانی).
بەڕێوەبەری خولەكە وتیشی: (هەر یەك لە بەڕێزان حەیدەر عەبدول واحد البهادلی سەرۆكی لیژنە و هەردوو بەڕێزان حەیدەر حەمید و مەحمود هاشم دوو داوەری خولەكەمان دەبن و بەندەش وەك سیروان مینە بەڕێوەبەری خولەكە كاروبارەكان ڕێك دەخەم لە ماوەی 3 ڕۆژانی بەڕێوەچوونی خولەكە كە خولێكی ئازادە هەر كەس بیەوێت دەتوانێت بەشداری بكات).
جێی باس كردنە لە مانگی ڕابردوو یەكێتی موای تای عێراق لە شاری سلێمانی خولێكی كردەوە و ئەم مانگەش خولێك و مانگی داهاتووش خولێكی تر بەڕێوە دەچێت لە شاری سلێمانی كە بە هەمان شێوە یەكێتی موای تای عێراق دەبێت.
دانەر ئەسڵان