دوبارەکردنەوەی شیوەنێک بۆ ھاوڕێم جەبار فەرمان

عیماد ئەحمەد

نازانم چی بنووسم، لەكوێوە دەستپێبكەم، لەسۆزداری و رۆمانسییەت، یان لەعەقڵ و لۆژیك و سیاسەت؟!

جەبار گیان، ئەوکات کە لە پزیشكەكانتەوە، لەپشكنەرو چاودێرەكانتەوە، بەر گوێم كەوت كە بەم دەردە كوشندەو بێ دەرمانە بۆ دواجار ماڵئاوایمان لێدەكەیت، دەمزانی بۆ ئەبەد ئۆغر دەکەیت بەڵام نەمدەزانی كەی دواهەناسەت دەگاتە لوتكەو چاوانی پڕ ئازایەتی و نەبەردیت لێكدەنێت و بۆ ھەمیشەش دەبیت بە حەسرەت بۆ ئێمە.

ئاخر بڕوام وابوو، ئەندازەی ژیاندۆستی خۆشەویستی، لەململانێدا دەبیت لەگەڵ مەرگ و مردن ناتوانێت ئاوا بەئاسانی زەفەرت پێببات، کەچی ئەفسوس، دڵی ئەڵوەندت شکاند و ھەمومانت خستە پەژارەوە.

جەبار گیان، چەندە مخابن بوو ئەوکاتەی لەدوا چركەكانی چوارونیوی پاشنیوەڕۆی پێنجشەممە 9/8/2007 لەسلێمانی شاری هەڵمەت و قوربانی، كەزۆرجار خۆت بەشاری میهرەبانی ناوت دەبرد، لەباوەشی بەوەفاترین مرۆڤ (ئامۆژن) مەرگ یەخەی پێگرتیت و دونیای زائلی پێ جێهێشتی و بەرەو دوا مەنزڵ و دواماڵی ئارامی بردیت.

ئەوکاتەی ئامۆژن بەقوڵپەی خەم و حەسەرتەوە وتی : عیماد فریامان كەوە جەبار دەمرێت، دەزانی
ئامۆژن بەم چەند وشەیە چۆم دنیای منی هەژاندو بروسكەی ئاگرینی لەجەستەم بەرداو لەرزۆكی كردم تا رادەی بێئاگایی وەك ئەوەی كە (دەروێشێك شێخەكەی ماڵئاوایی بكات)، زۆر وشەم لەزار دەردەهات و نەمدەزانی چییەو چی دەڵێم.. رق و سۆز، خۆشەویستی و شەڕ، مەنتیق و خەیاڵ، وەفاو بێوەفایی، رەوەندو سێمبولەكەی، خانەقین و ئەڵوەن و كەڵات و بان میل… سلێمانی و گردی عەلی ناجی و خانووەكەی…! سەدای وشەكانی دەی… قەتعەن… هێرشی بۆ زهنم هێناو گەردەلولێک بو ھەموو هەستەكانی منی خرۆشاند، لەوساتەوە بۆ ئێستا خانەقین شاھیدە کە ھەردەڵێم رۆ… رۆ… جەبار فەرمانم رۆ…
رۆڵەو پڵنگی گەرمیانم رۆ…

جەبار گیان ، فەرمانی ھەردەمی ناو دڵم، ئای چەند بەئێش و زامە قەدەری مەرگی تۆ ، چەند سەختە ماڵی دۆست و میوانداری، ماڵی پڕ یادگاری، ماڵی دانیشتن و شەوچەرەكانی خۆشەویستی تۆ، ببێتە ماڵی پرسەو خەم و رشتنی فرمێسک و ژانی ژین!
سەیرکە ھاوڕێم ، لەو ساتەوە کۆچت کردوە، گوڵ و دارو درەخت بێ رەنگ و بێهێزو لاوازن ، كورسی و مێزەكان چۆكیان لەزەوی، باڵندەكان بێ جریوەو بێ كەیف و سەفاو تاساو لەقوڵپەی گریان، رووناكی گڵۆپەكانیش لەئێوارەیەكی تەم و مژاوی و پڕ نەهامەتیدا کزدەسوتێن و وەک بڵێی پڕبون لە بێزاری!

دوای 14 ساڵ ئەگەر ئێستاش بەویژدانەوە سەیری خەباتی پڕ زەحمەت و تێكۆشانی تۆ بکەین جەبار گیان دەزانین کە فەزڵێكی ئێجگار گەورەت هەیە، لەدەستكەوتەكانی ئیمڕۆی گەلەكەمان، كەسێكی خۆنەویست و دەستكراوەو بەخشندەبوی، هەمیشە لەمیوانداری و یارمەتیدانی كەسانی هەژارو دۆست و نزیكەكانیدا پێشەنگ بوی… سەرباری ئەوەی كە رۆحی خۆت كردبووە قوربانی هاوڕێكانت و تەنانەت سەركەوتنەكانی خۆشت بەتێكۆشان و ماندوبونی ئەوان دەبینی.

جەبار گیان ، فەرمانی دڵ ، هەزاران درودو سڵاو بۆ گیانی پاكی تۆ و سەرجەم شەهیدانی کوردستان، ئۆغری هەتاهەتایت بەخێر، ئەی براو هاوڕێی ئازیزم، ئەی یادەوەرییە زیندوەکەی ھەردەمی ناو ڕوحم.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا