كورد زۆربەی پۆستە ئەمنییەكانی كەركوكی لەدەست داوە

پۆڵەتیك پرێس:
كورد بەشێكی زۆر لەپۆستە ئەمنییەكانی پارێزگای كەركوكی لەدەستداوە، بەشێوەیەك لەكۆی 276 پۆستی ئەمنی تەنیا 24 پۆست لەدەست كوردە.

جەمال شكور پەرلەمانتاری یەكێتی نیشتمانی لەپەرلەمانی عێراق لەمیانی لێدوانێكی قسەی لەسەر دۆخی ئەمنی كەركوك داوەو باسی لەوەش كردووە، رۆڵی كورد لەبەرێوەبەردنی پۆستە ئەمنییەكان كەمكراوەتەوە.

جەمال شكور لەو لێدوانەی وتی: تەنیا 24 پۆست لەكۆی 276 پۆستی دەزگا ئەمنییەكان لەدەست كوردە لەكەركوك، داواشی لەمستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق كرد، سەردانی ئەو پارێزگایە بكات، بۆ ئەوەی كۆتایی بە سیاسەتی پەراوێزخستنی كورد بهێنێت.

جەمال محەمەد شكور وتیشی: پێكهاتەی كورد لە كەركوك بەدەست گێچەڵەوە لە خزمەتگوزاری ئەمنی و ئیداری، هەروەها كێشە كۆمەڵایەتییەكانەوە دەناڵێنێت، لەكاتێكدا زیاتر لە سەدا 50ی دانیشتوانی پارێزگاكە پێكدێنن و لە 12 ئەندامی پەرلەمانی عێراق بۆ پارێزگای كەركوك 6یان كوردن.

ئەو پەرلەمانتارە جەختی لەوەش كردووەتەوە، پێكهاتەی كورد بەپێی پشكی خۆی پۆستی وەرنەگرتووە، بۆیە نوێنەرە كوردەكان لەئەنجوومەنی نوێنەران لەگەڵ قاسم ئەلئەعرەجی راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق كۆبوونەتەوەو داوای چارەسەركردنی ئەو كێشانەیان كردووە.

شكور لەلێدوانەكەی داوای پێداچوونەوەی دۆسییەی ئەمنی لەكەركوك كرد، بەوەی لەبری هێزە سەربازییە هاوبەشەكان، دۆسییەی ئەمنی بدرێتەوە دەست پۆلیسی فیدراڵییەوە.

لە ساڵی 2017ەوە بە شێوەیەكی بەرفراوان كورد لەكەركوك پەراوێز خراوە، دوای ئەوەی سوپای عێراق‌و حەشدی هێرشیان كردە سەر شارەكەو كۆنتڕۆڵیان كرد.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا