لەتوركیا نزیكەی 80 رۆژنامەنوس دەستگیردەكرێن

پۆڵەتیك پرێس

كۆمەڵەی رۆژنامەنوسانی دیجلەو فورات ئاماری پێشێلكارییەكانی توركیای بەرانبەر رۆژنامەنوسان بڵاوكردەوەو رایگەیاند، لە 2020دا لەو وڵاتە 79 رۆژنامەنوس دەستگیركراون لەو ژمارەیەش 24 كەسیان سزای زیندانیكردنیان بەسەردا سەپێنراوە.

كۆمەڵەی رۆژنامەنوسانی دیجلەو فورات كە بارەگاكەیان لە شاری ئامەدی باكوری كوردستانە لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایانگەیاند، لە ساڵی ٢٠٢٠دا فشارەكانی سەر میدیای ئازاد گەیشتە بەرزترین ئاست و رێگری لەكاری رۆژنامەنووسان دەكرا، رێگرییەكانیش بەشێوەی بەرنامە بۆ دانراو بوو.

ئاماژەیان بەوەشكرد، لە 2020دا 79 رۆژنامەنوس دەسگیركراون و 24 یان سزای زیندانیان بەسەردا جێبەجێكراوە، دەسەڵات ئەو رۆژنامەنوسانەی كردە ئامانجی هێرش و پەلامارەكانی، كە بەشێوەیەكی بوێرانە و ئازایانە هەوڵیاندەدا راستییەكان بۆ خەڵكی بڵاوبكەنەوە.

دەشڵێن، “دەسەڵات دەیەوێت میدیاكان بێدەنگ بكات تاوەكو كۆمەڵگە ئاگاداری راستییەكان نەبێت، چونكە دەسەڵات لە بڵاوكردنەوەی راستییەكان زۆر دەترسێت، لەبەرانبەردا دەسەڵات دەیەوێت ئەو رۆژنامەنوسانە پێش بخات، كە پڕوپاگەندەی بۆ دەكەن”.

ئەوەش لەكاتێكدایە، بەپێی راپۆرتە جیهانییەكانی تایبەت بەمافی مرۆڤ توركیا بەردەوام یەكێكە لەو وڵاتانەی پێشێلی مافی مرۆڤ و ئازادی رادەربڕین دەكات، بەتایبەت بەتوندی دژی رۆژنامەنوسانی كورد دەوەستێتەوە.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا