بایکۆتی مامۆستایانی ناڕازی بەردەوامە

مامۆستایان لە کۆیە ووشەى "دەبێت"یان لەسەر شەقام نووسی و بەو جۆرە وەڵامی وەزیری پەروەردەیان دایەوە.

پۆڵەتیك پرێس

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

سەرەڕای بڕیارەکەی وەزیری پەروەردە بۆ “دەستپێکرنەوەی دەوام لەمڕۆدا”، مامۆستایانی ناڕازی و مامۆستایانی وانەبێژ بەردەوامییان بە بایکۆتی هۆڵەکانی خوێندن داو و دووپاتیانکردەوە “تا مافەکانمان وەرنەگرین ناچینەوە هۆڵەکانی خوێندن”.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 22ـی تشرینی یەکەم، کە هاوکاتە لەگەڵ ئەو وادەیەی، ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ مامۆستایانی سنووری پارێزگای سلێمانی و هەردوو ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان و راپەرین داینابوو بۆ دەستپێکردنەوەی دەوام، مامۆستایانی ناڕازی جارێکی تر لەبەردەم پەروەردەی رۆژئاوای سلێمانی گردبوونەوە و داوا دەکەن “زمانی زبر و هەڕەشە” بەرامبەر مامۆستایان بەکارنەیەت و ماف و شایستە داراییەکانی خۆیان پێبدرێت.

بەهۆی دواکەوتنی مووچە و پێنەدانی شایستە داراییەکانی مامۆستایان لەکاتی خۆیدا، خوێندن لە سنووری پارێزگای سلێمانی، هەڵەبجە و هەردوو ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان و راپەڕین و قەزای کۆیە، بایکۆتی مامۆستایان بەردەوامی هەیە.

مامۆستایان نیگەرانن لە شێوازی دەربڕینی بڕیارەکەی وەزیری پەروەردە کە تێیدا هاتبوو، “دەبێت” رۆژی 22ـی تشرینی یەکەم، مامۆستایان بگەڕێنەوە هۆڵەکانی خوێندن، مامۆستایەک لەم بارەیەوە بۆ مایکی پۆڵەتیک پرێس ووتی، “ناکرێت کەسێک لەو پلە و پۆستەدا بێت و بە لۆجیکی هێز قسە لەگەڵ مامۆستایان بکات”.

سەبارەت بە ناردنی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێم لە رێگەی بانکەکانی حکومەتی ناوەندییەوە، ئەو مامۆستایە ووتی، “ژمارەی واژۆکان گەیشتووەتە سەروو 250 هەزار واژۆو بەردەوام لەبەرزبوونەوەدایە و دەمانەوێت مووچەکانمان لە رێگەی بانکەکانی حکومەتی ناوەندییەوە دابەشبکرێت نەک لەرێگەی هەژمارە نوێیەکەی سەرۆکی حکومەت [هەژماری من] و هەوڵەکانمان بۆ ئەوەیە لەرێگەی بانکە حکومییەکانی حکومەتی عێراقییەوە دابەشبکرێت”.

“کارزان فیزیک” نوێنەری مامۆستایانی ناڕازی کە بەژداربوو لە خۆپشاندانەکانی ئەمڕۆی بەردەم پەروەردەی رۆژئاوا رایگەیاند، “دەبوو وەزیری پەروردە چۆن بە مامۆستایانی نارازی ووت کە دەبێت بچنەوە هۆڵەکانی خوێندن، دەبوو بەو شێوەیەش بە سەرۆکی حکومەت بڵێت کە “دەبێت مافەکانی مامۆستایان بگەڕێندرێتەوە و مامۆستایانی وانبێژ دابمەزرێندرێت و مووچەو شایستە داراییەکانی بۆ دابین بکەیت'”.

رۆژی 19ـی ئەم مانگە، ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا کە لە هەولێر ئەنجامیدابوو رایگەیاند، “تەواوی دەسەڵاتەکانم بەکاردێنم بۆ دەستپێکردنەوەی دەوام لە سنووری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان و راپەڕین و دەبێت [ئەمڕۆ] 22ـی تشرینی یەکەم، دەوام لەو زۆنە دەستپێبکاتەوە”.
بەهۆی دابەشنەکردنی مووچەکانیان، مامۆستایانی سنووری پارێزگای سلێمانی و ئیدارە سەربەخۆکانی ئەو پارێزگایە هەڵوێستیان وەرگرتووە و بایکۆتی دەوامیان راگەیاندووە، بەشێک لە مامۆستایان دەڵێن، حکومەت مووچەی مامۆستایان یەکلایی بکاتەوە و نەکرێتە بەشێک لە کێشەو ململانێ سیاسییەکانی نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی ناوەندی و لەکاتی خۆیدا مووچەکان دابەشبکرێت.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا