تەندروستی دهۆك لەسەر بڵاوبوونەوەی نەخۆشی”برینی پیس”رونكردنەوە دەدات

پۆڵەتیك پرێس

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

بەڕێوەبەری بەشی نەخۆشییە گوازراوەکان و پەتاکان لە بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی دهۆک ڕایده‌گه‌یه‌نێت، شەش کەس لە سنوری پارێزگای دهۆک توشی نەخۆشی برینی پیس بوون،هاوكات بەرپرسی راگەیاندنی تەندروستی دهۆك ئاماژە بەوەدەدات چارەسەر بۆ ئەو نەخۆشانە كراوە كەتووشی نەخۆشی برینی پیس بوون و جۆری نەخۆشییەكەش لەژێر كۆنتڕۆڵی تەندروستیدایە و هیچ مەترسیەكی بۆ سەرهاوڵاتیان نەماوە.

سکڤان حەسەن، بەڕێوەبەری بەشی نەخۆشییە گوازراوەکان و پەتاکان لە بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی دهۆک رایگەیاندووە،” 12 کەیسی گوماناوییان تۆمارکردووە کە توشی پەتای برینی پیس (جەمرە خەبیسە) بوون و دەرکەوتووە شەش کەسیان توشی پەتاکە بوون، راشیگەیاندووە، لە جیهاندا پەتاکە ڤاکسینی هەیە و ساڵانە پێنج ژەم دەدرێت بەو کەسانەی ئاژەڵ بەخێودەکەن، بەڵام بەهۆی دەگمەنی نەخۆشییەکەوە لەئێستادا ڤاکسینەکە لە عیراق و هەرێمدا بەردەست نییە”.

ئەو پزیشكە ئاماژەی بەوەشکردووە، “هەر کاتێک پێستی مرۆڤ، بەتایبەتی دەست و قۆڵ و دەموچاو کە هەمیشە بەدەرەوەن و برینداردەبن یان دەقڵیشێت بەکتریاکە دەچێتە جەستەی مرۆڤەوە و دەبنە کیسی ئاو و تووشی پەتاکەی دەکات”.

لەبارەی نیشانەکانی نەخۆشی پەتای برینی پیس بەڕێوەبەری بەشی نەخۆشییە گوازراوەکان و پەتاکان لە بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی دهۆک ئاماژەی بەوەكردووە، “بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی جەستە و سەرگێژخواردن و ژانەسەری توند و دڵ تێکەڵهاتن و لەدەستدانی ئارەزووی خواردن بەشێكن لە نیشانەکانی نەخۆشییەكەو لە قۆناغەکانی کۆتاییدا توشبوو بە پەتاکە لەرێگەی سکچونەوە خوێن دادەنێت، ئەوە سەرەڕای ئەوەی کەسی توشبوو هەست بە توندبوونی گەرو و سەختی شت قوتدان دەکات و ئەو شوێنەی بووەتە رێگەی چونە ژوورەوەی بەکتریاکە تووشی ژەهراوی بوون دەبێت”.

لەلایەكی دیكەوە، حەمزە رەزیکی، بەرپرسی راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی پارێزگای دهۆک بەپۆڵەتیك پرێس-ی رایگەیاند،” لەماوەی رابردوودا ژمارەیەك هاوڵاتی لەسنوری قەزای “ئامێدی و شارۆچکەی باتیفا” توشی نەخۆشییەكی جیاواز بوون دوای ئەنجامدانی پشكنین بۆیان لەلایەن تەندروستی دهۆكەوە دەركەوت ئەو كەسانە توشی پەتای برینی پیس (جەمرە خەبیسە)بوون.

وتیشی، “بەزوویی چارەسەری تەندروستی بۆ ئەو كەسانە كراوە و رێگری لەتەشەنەسەندنی نەخۆشییەكە كراوە”.

بەرپرسی راگەیاندنی تەندروستی پارێزگای دهۆک ئاماژەی بەوەشكرد، نەخۆشییەکە گوازراوەیە و زیاتر ئەو کەسانەی سەرقاڵی ئاژەڵدارین تووشی دەبن، چونکە نەخۆشییەكە لە ئاژەڵەوە بۆ مرۆڤ دەگوازرێتەوە، بەڵام لەمرۆڤەوە بۆ مرۆڤ ناگوازرێتەوە.

بەوتەی حەمزە رەزیکی، پەتاکە لە جیهان و عیراقیشدا تۆمارکراوە، چونكە لە رێگەی بەرکەوتنی راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆوە لەلایەن ئەو ئاژەڵانەی هەڵگری بەکتریاکەن مرۆڤ توشی دەبێت، کاتێک خوێنی ئاژەڵەکە دەرژێتە سەر زەوی و بۆ ماوەیەک لە ژێرخاکدا دەمێنێتەوە و لە رێگەی خواردنی گیاوە دەگوازرێتەوە بۆ ئاژەڵەکانی دیکە.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا