ئاگر دانیشتوانی شارێکی گەورەی کەنەدا ناچار بە چۆڵکردن دەکات

پۆڵەتیک پرێس: پشتیوان تەیب

لەتێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

یەکێک لە گەورەترین شارەکانی باکووری کەنەدا بەهۆی بڵێسەی بەتینی ئاگرەکەی کەنەداوە چۆڵدەکرێت و هۆشداری دەدرێت لە گەیشتنی ئاگرەکە بەو شارە لە کۆتاییەکانی ئەم هەفتەیەدا.

20 هەزار دانیشتووی شاری ‘یەلۆنایف’ی باکووری رۆژئاوای کەنەدا ئاگادارکراونەتەوە کە دەبێت پێش کاتژمێر 6ی ئێوارەی رۆژی هەینی شارەکەیان جێبهێڵن بەهۆی مەترسی نزیکبوونەوەی ئاگرەکە.

لە ناوچەکانی باکووری رۆژئاوا لە ئێستادا ئاگرەکەوە باری نائاسایی راگەیەندراوە و لە 200 شوێنی جیاجیا ئاگر کەوتووەتەوە.

یەکێک لەو کەسانەی شارەکەی بەجێهێشتووە باسی ئاگرەکە دەکات و دەڵێت، “سەیارەکەم گڕی گرت و لە ماوەیەکی کەمدا توایەوە و بوو بە تۆز لە کاتێکدا لەگەڵ خێزانەکەم بەناو پریشک و بڵێسەی ئاگرەکەدا دەڕۆشتین بۆ رزگارکردنی گیانی خۆمان”.

شەین تۆمپسن، وەزیری ژینگەی هەرێمەکە لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا لەبارەی ئاگرەکەوە دوا و وتی، “ئاگرەکەی ناوچەی یەلۆنایف تەشەنەی سەندووە و خراپتر بووە و دۆخەکە خەریکە لە کۆنتڕۆڵ دەردەچێت”. هاوکات وتیشی، “نامەوێت کەس بترسێنم، بەڵام ئەگەر بەم زووانە باران نەبارێت ئەوا ئاگرەکە بە زوویی دەگاتە چواردەوری شارەکە لە کۆتاییەکانی ئەم هەفتەیەدا”.

شارۆچکەی ‘هەی ریڤەر’ـیش هاوشێوەی شاری یەلۆنایف، ئاگر تینی بۆ هێناوە و دانیشتووانەکەی ناچار بە هەڵهاتن کردووە.

سەرۆک شارەوانی شارۆچکەکە رایگەیاند لە ئێستادا نزیکەی 3 هەزار و 500 کەس شارۆچکەکەیان بەجێهێشتووە، بەڵام نزیکەی 500 کەس هێشتا لەو شارۆچکەیە ماون و دەرباز نەکراون.

تەنها لە چەند کاتژمێرێکی کەمدا، ئاگرەکەی شارۆچکەی ‘هەی ریڤەر’ 32 کیلۆمەتر تەشەنەی کردووە، کە بووەتە هۆی داخستنی دوو رێگەی سەرەکی شارۆچکەکە. ئەمەش بارگرانی بۆ دانیشتوانەکەی دروستکردووە لە هەڵهاتن و جێهێشتنی شارۆچکەکەیان.

ئەو ئاگرەی لە کەنەداوە سەری هەڵداوە چاوەڕێدەکرێت بەدرێژایی وەرزی هاوین بەردەوامیی هەبێت و بەشێکی ئاگرەکانیش لەکۆنترۆڵ دەرچوونەو دووکەڵەکەشی هەزاران کیلۆمەتری بڕیوە و بەرەو ئەمریکا و ئەوروپا تەشەنەی سەندووە بەجۆرێک، دووکەڵی ئاگرەکە لە رۆژئاوای کەناراوەکانی ئیسپانیا بە شێوەی تەمومژ بیندراوە.

بەرپرسێکی کەنەدی هۆشداریی دا، ڕەنگە ئەو ئاگرە بڵێسەدارە بە درێژایی وەرزی هاوینیش بەردەوام  بێت و ئەمەش لەکاتێکدایە کە ئاگرکوژێنەوەکان لە هەوڵی کۆنتڕۆڵی کردنی دان و سەرباری ئەوەش هەزاران کەنەدی بەهۆی تینی ئاگرەکەوە ناچارن ماڵەکانیان بەجێ بهێڵن.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا