سەرمایەداریی، لە بەرگێکی تردا مرۆڤایەتیی دەچەوسێنێتەوە !

یەکی مەی/ئایار ی هەموساڵێك لە ١٠٧ وڵاتی جیهاندا پشوی رەسمییە بە بۆنەی رۆژی کرێکارانی جیهان.

روداوەکانی گۆڕەپانی Haymarket ی شیکاگۆی ئەمریکا لە ساڵی 1886 کە دواتر بە ناهەقیی ئۆگست سپاییز ی سەرکردە و چوار هاوڕێی ئیعدام کران ،بوە سەرمەشقی سوربونی شیوعیی و سۆشیالیست و چەپەکانی جیهان (کە سەرکردایەتی سەندیکاکانی کرێکارانیان دەکرد ) بۆ جێبەجێکردنی داوای رەوای کرێکاران و رەنجدەران (8سەعات کار ،8سەعات خەو،8 سەعات پشو و سەرگەرمیی) .

خۆپیشاندان و مانگرتن لە سەرتاسەری دنیا لەسەر داوای کۆنفرانسی یەکەمی ئینتەرناسیۆنالی دوەم لە یەکی مەی لەساڵی 1890یش بۆ زیندوراگرتن و رێزلێنانی قوربانییەکانی گۆڕەپانی های مارکێت و ئۆگەست سپاییز ،بوە رۆژێکی جیهانیی کرێکاران .

وەك چۆن ئەوسەردەمەی سەرەتای شۆڕشی پیشەسازیی ،چەپ و سۆشیالیست و شیوعییەکان بونە قەڵغان و سپەر بۆ چینی کرێکاران و گەلانی زۆرلێکراو لە بەرامبەر سەرمایەداران و داگیرکەران و دیکتاتۆرەکاندا ، ئەمڕۆش ئەوە سۆشیال دیموکرات و چەپ و سۆشیالیستەکانن کە بەشێوەیەکی تری خەبات ، دەچنەوە بەگژ سەرمایەداراندا .چونکە سەرمایەداریی لە جیهاندا بە جۆرێکی تر خۆی نمایش دەکات ،ئەویش تێکدانی ژینگە و ئاو و هەوایە لەسەر روی زەوی.

هەر بۆیە زۆر لە مێژە سۆشیال دیموکرات و سۆشیالیست و چەپەکان لەرێی پێکهێنانی حزبی سەوز و ژینگە دۆستیەوە خەباتەکە ئاڕاستە دەکەن بۆ رێگرتن لە چاوچنۆکی سەرمایەداریی کە ئەمڕۆ هەر لە یەك وڵاتی وەك ئەمریکا و قاڕەیەکی وەك ئەوروپادا قەتیس نییە ،بەڵکو لەسەرتاسەری جیهاندا مرۆڤەکان بە دەستییەوە دەناڵێنن .
هەر لە ئەمریکاوە بگرە تا کۆماری گەلیی چین و عێراق و بە هەرێمی کوردستانەکەی لەمەڕ خۆشمانەوە بگرە ئەم چەوساندنەوەیەی سەرمایەداریی دەیان گرێتەوە .
سەدەی هەڤدە و هەژدە ململانێی دوچینەکە(سەرمایەدار و کرێکار) لە چوارچێوەی کارگە و ئامێر و ئامڕازەکانی بەرهەم هێناندا بو ،بەڵام ئێستا ژینگەشی داگیر کردوە کە هەڕەشە لە ژیانی تەواوی مرۆڤایەتیی و بونەوەرەکان دەکات.

زۆر دور نەڕۆین پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان، سی ساڵ لەمەوبەر کەشوهەوایەکەیان خۆش و ئاساییان هەبو.بەڵام ئێستا سەرباری ئەوەی بە جۆرێکی هەڕەمەکی فراوان بون و یەكپارچە چیمەنتۆ و قیرن و سەوزایی کەمتر دەبینرێن ، چواردەوریشیان هەموی پاڵاوتگە و سەدان کارگەی جۆراوجۆریان لە خۆ گرتوە کە هەر دوکەڵ و پاشەڕۆی کاربۆن ئەکەن بە لوت و قوڕگی خەڵکدا .دوکەڵی سەدان هەزار ئۆتۆمبیلیش لەوێ بوەستێت .ئەگەر ژینگە دۆستانیش کە چەپەکانن بێنە دەنگ رەنگە تۆمەتبار بکرێن بە دواکەوتو یا دژ بە گەشەکردن و پێشکەوتن .
شارەکانی هەرێمم وەك نمونەیەك وەرگرت کە سەرمایەداریی بە هۆی چاوچنۆکییەوە ژینگە و ژیانی تاڵ کردون، هەزاران مرۆڤ توشی نەخۆشییەکانی شێرپەنجە دەبن و رۆژ بەرۆژ زیاتر پەرەدەستێنێت .
ئیتر حاڵی عێراق و دەرودراوسێکانمان لەوە خراپترە .

ئەو چاوچنۆکییە وایکردوە کە وڵاتانی وەك چین و هیند پەلەیان بێت بۆ ئەوەی بگەنەوە بە دەوڵەتێکی وەك ئەمریکا ،بۆیە بە جۆرێك چاوچنۆکە کە گوێ ناداتە هیچ پێودانگێکی مرۆیی و ژینگەیی و بەشێکی پیس بونی ژینگە لە ئەستۆی ئەم وڵاتەدایە کە رەنگە نەك هەر خۆیان بەڵکو خەڵکی تریش شانازیی پێوە بکەن .

سەرمایەداریی چەوساندنەوەکەی هەر لە چوار چێوەی کارگەکاندا نییە ،بەڵکو سنورەکانیشی بەزاندوە بەوەی لەسەرتاسەری دنیادا جەنگ و پشێوی خوڵقاندوە. ئەوەش سەرباری لەناوبردنی چەندین ملیۆن مرۆڤ بە هۆی جەنگەکانەوە ،ژیانی هەزاران ملیۆن مرۆڤ و بونەوەری تر و ملیۆنان هیکتار دارستان و سەوزایی و ژینگەی شێواندوە.
ئەگەر سنورێك بۆ ئەم چاوچنۆکییەی سەرمایەداریی دانەنرێت لە رێی خەباتی بێ وچان و پشو درێژیی چەپەکان ،کرێکاران ، پارتە سەوز و ژینگەییەکان و رەنج دەرانی بیر و بازو ەوە ،ئەوا مرۆڤایەتیی زیاتر و خراپتر روبەڕووی چەوساندنەوە و بەش مەینەتیی دەبێتەوە .

بارزان شێخ عوسمان

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا