پۆڵەتیک پرێس
دەیان ڕێکخراوی نێودەوڵەتی بەیاننامەیەکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە تیایدا داوایان لەدەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان کرد پێشێلکارییەکان دژی ئازادی ڕۆژنامەوانی ڕابگرن و ئەو سنورانە لاببەن کە خستوویانەتە بەردەم کاری ڕۆژنامەوانی.
لەو بەیاننامەیەدا باس لەدڵەڕاوکێی ئەو لایەنە نێودەوڵەتییانە کراوە لەبارەی پێشێلکارییەکانی دەسەڵاتی هەرێم دژی ڕۆژنامەنووسان و دەستگیرکردنیان و بەردەوامبوونی دەسەڵات لەپشتگوێخستنی یاسا ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان کە تایبەتن بە ئازادی ڕۆژنامەوانی و ڕادەربڕین.
ئەو ڕێکخراوانەی بەیاننامەکەیان واژۆ کردووە برتین لە، ڕوانگەی ئەوروپای ناوەڕاست بۆ مافەکانی مرۆڤ، کۆمەڵەی مینا بۆ مافەکانی مرۆڤ، کۆمەڵەی بەرگری لەئازادی ڕۆژنامەوانی لەعێراق، ڕێکخراوی هومینا بۆ مافەکانی مرۆڤ و بەشداری مەدەنی، ڕێکخراوی ئەی ئێف دی نێودەوڵەتی، ئەکادیمیای نێودەوڵەتی بۆ مافەکانی مرۆڤ و پەرەپێدان – پاریس، لەگەڵ پەیمانگای نێودەوڵەتی مافەکان و پەرەپێدان – جنێف و چەند ڕێکخراوێکی دیکەی نێودەوڵەتی.
لەبەیاننامەکەدا هاتووە، “بەئامانجگرتنی ڕۆژنامەنوسان و ڕێگریکردن لەچالاکییە مەدەنییەکان لەهەرێم بەشێکە لەهەوڵەکانی دەسەڵات بۆ لاوازکردنی جوڵانەوەی گەل و بەپێی ئەو زنجیرە ڕووداوانەی لەناوچەکەدا ڕوویانداوە و لەمیانی شیکردنەوەی ڕەفتاری دەسەڵات دژی ڕۆژنامەنووسان دەردەکەوێت دەسەڵاتدارانی هەرێم ڕێز لەیاسای عێراق و یاسا نێودەوڵەتییەکانی پەیوەست بە ئازادی ڕۆژنامەوانی ناگرن”.
هەڵوێستی ئەم ڕێکخراوانە لەکاتێکدایە، رۆژی 16ی مانگی شوبات دادگای هەولێر بە تۆمەتی “سیخوڕی و هەوڵدان بۆ كودەتا”، بڕیاری شەش ساڵ زیندانیكردنی بۆ پێنج رۆژنامەنووس و چالاكی مەدەنی دەڤەری بادینان دەركرد، بڕیارەكەش لەلایەن بەشێكی زۆر لەهاوڵاتییانەوە رەتكرایەوە.
لەلایەکی دیکەوە ئەم بەیاننامەیە هاوکاتە لەگەڵ ڕفاندنی سەردەشت عوسمان کە ڕۆژنامەنووس و خوێندکاری بەشی زمانی ئینگلیزی کۆلێژی ئادابی زانکۆی سەڵاحەدین بوو، بەیانیی ڕۆژی 4ی ئایاری ساڵی 2010 لەبەردەم زانکۆی سەڵاحەدین لەلایەن چەند کەسێکی نەناسراوهوه ڕفێندرا و دوای دوو ڕۆژ لە دیارنەمانی، لە 6ی ئایاری هەمان ساڵ تەرمەکەی لەدەوروبەری شاری موسڵ دۆزرایەوە.