سەرۆكی پێشووی شارەوانی هەڵەبجە دۆزرایەوە

پۆڵەتیك پرێس: نازە سەعید

وتەبێژی پۆلیسی هەڵەبجە رایگەیاند، ،خدر كەریم، سەرۆكی پێشووی شارەوانی هەڵەبجە دوای ونبونی بۆماوەی سێ رۆژ ئەمڕۆ دۆزراوەتەوە.

بەرزان عوسمان وتەبێژی پۆلیسی هەڵەبجە بەپۆڵەتیك پرێسی وت، “ئەمڕۆ خدر كەریم سەرۆكی پێشووی شارەوانی هەڵەبجە لە گۆڕستانی باوە كۆچەك دۆزراوەتەوە و تەندروستیی باشە، بەڵام كەمێك بێهێزە”.

ماوەی چەند رۆژێكە سەرۆكی پێشووی شارەوانی هەڵەبجە دیارنەماوەو لە راگەیەنراوێكیشدا پۆلیسی هەڵەبجە كە رۆژی 23ی ئەم مانگە بڵاویكردەوە داوای لە هاوڵاتیان كرد، هەركەسێك هەواڵی خدر كەریم دەزانێت ئەوا با ئاگادارییان بكاتەوە.

دیارنەمانی خدر كەریم لەكاتێكدابوو، چەند رۆژێك پێش ئێستا خۆپیشاندەران، هێرشیان كردە سەر بینای شارەوانی هەڵەبجەو ئەو ژوورانەیان سووتاند، كۆمەڵێك دۆسییەی گەندەڵی تێدابوو.

لەو بارەوە پێشتر سەرچاوەیەك لەشارەوانی هەڵەبجە، بۆ “پۆڵەتیك پرێس” وتی: پێشتر خدر كەریم، لەسەر گەندەڵی لەسەرۆكی شارەوانی دوورخراوەتەوەو بەشێكیش لەدۆسییەكانی گەندەڵی لەرووداوی سووتانی شارەوانی سووتاون.

سەرچاوەكە، لەبەر هەستیاری بابەتەكە داوایكرد، ناوی بڵاونەكرێتەوە، وتیشی: ئێستا جۆرێك گومان دروست بووە، كە دیارنەمانی خدر كەریم‌و سووتانی بینای شارەوانی پەیوەندی بەیەكەوە هەبێت، بەڵام دەبێت بۆ سەلماندنی ئەو گومانە لیژنەی لێكۆڵینەوە پێكبهێنرێت.

پێنج ساڵ پێش ئێستا چەند دۆسییەكی گەندەڵی لەسەر خدر كەریم سەرۆكی ئەوكاتی شارەوانی هەڵەبجە ئاشكرابوو، بەو هۆیەشەوە لەپۆستەكەی دوورخرایەوەو دەست بەلێكۆڵینەوەش لەدۆسییەكان كراو تائێستا ئەو پرسە یەكلانەبووەتەوە.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا