فراكسیۆنی یەكێتی: بڕیارەكەی دادگای پێداچوونەوە فشاری سیاسی پێوە دیارە

پۆڵەتیك پرێس

فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی كوردستان سەبارەت بەبریاری دادگای پێداچوونەوەی ھەرێمی کوردستان بۆ سزای زیندانیکردنی رۆژنامەنووسان و چالاکوانانی بادینان رایدەگەیەنێت “ئەم بریارە پێشھاتێکی مەترسیدارە، سەروەری یاسای لەھەرێم خستۆتە ژێر پرسیارەوە”.

فراكسیۆنی یەكێتی لە راگەیەندراوێكدا رایگەیاند “شێوازی پەسەند کردنی بریارەکە فشارو سێبەری سیاسی و حوکمی پێشوەختەی بەسەرەوە دیارە، ئەمەش نەنگی و عەیبەیەکی گەورەیە بۆ سیستەمی دادوەری، کاریگەری نەرێنی دەبێت لە نێوەندە نێودەوڵەتیەکان”.

دەقی راگەیەنراوەكەی فراکسیۆنی یەکێتی لەپەرلەمانی کوردستان ..

سەبارەت بەبریاری دادگای پێداچوونەوەی ھەرێمی کوردستان بۆ سزای زیندانیکردنی رۆژنامەنووسان و چالاکوانانی دەڤەری بادینان ، کەبەدەنگی (٣ ) ئەندام لە کۆی (٥ )ئەندامی دادگاکە پلەی کۆتایی پێدراوە.

پێمان وایە شێوازی پەسەند کردنی بریارەکە فشارو سێبەری سیاسی و حوکمی پێشوەختەی بەسەرەوە دیارە ، ئەمەش نەنگی و عەیبەیەکی گەورەیە بۆ سیستەمی دادوەری ، بێگومان کاریگەری نەرێنی دەبێت لە نێوەندە نێودەوڵەتیەکان بۆ لەکەدار بوونی ناو ناوبانگی ھەرێمی کوردستان و ئەزمونە حوکمرانیەکەی .

ئێمە لە فراکسیۆنی سەوز لە پەرلەمانی کوردستان وێرای سوور بوونمان لەسەر بەرگری کردن لە ماف و ئازادیەکان و پێداگری بەردەواممان لەسەر باشترکردنی ژیان و گوزەرانی ھاوڵاتیان ، پێمان وایە ئاسایشی کۆمەڵایەتی بە پاراستنی ئازادی رادەربرین و سەروەری یاسا دەستەبەر دەبێت ، ئەم بریارەش پێشھاتێکی مەترسیدارە ،سەروەری یاسای لەھەرێم خستۆتە ژێر پرسیارەوە ؟
ھەربۆیە نابێیت رێگە بدرێت لە ژێر ھەر بیانوو پاساوێک دادگا بکرێتە سەنگەری کپکردنی دەنگی ئازاد و بەرتەسک کردنەوەی فەزای کاری مەدەنی ، بۆ ئەم مەبەستە داوا لەسەرۆکی ھەرێمی کوردستان دەکەین لەپێناو پاراستنی سومعەی ھەرێـم دەستەڵاتەکانی خۆی بەکاربھێنیت ئەو لادانە راستبکاتەوە .

لەھەمان کاتدا داوا لە سەرجەم ھاوپیشەکانمان لە فراکسیۆنە جیاوازەکانی پەرلەمانی کوردستان دەکەین باھەموومان بەیەکەوە یەک دەنگ و یەک ھەڵوێست بەرگری لە سەروەری یاساو سەربەخۆیی دادگا و دەنگی ئازاد و پارێزگاری لە شکۆ و ناو ناوبانگی ھەرێمی کوردستان بکەین، رێگری ھەرھەوڵێک بین زیان بگەیەنێت بەپەیوەندیەکانی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ دۆستەکانمان لە ووڵاتانی ئەمریکا و ئەوروپا کە ھەمیشە لەکاتی تەنگانەدا دۆست و پشتیوانی بەھێزمانن .

فراکسیۆنی سەوز لەپەرلەمانی کوردستان
٧-٥-٢٠٢١

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا