لەشەوێكی سەروبەندی دروستكردنی حكومەتەكەی “محمد شیاع سودانی” لە2022دا چەكدارانی “موقتەدا سەدر” لەبەغدا بەربەستەكانی ناوچەی سەوز تێدەپەڕێنن و بەرە و ماڵی بەرپرسەكان بەئامانجی لەناوبردنی “نوری مالكی” هەنگاودەنێن، لەوكاتەدا “هادی عامری” بەهێزێكی چەكدارەوە پێشیان پێدەگرێت و دوای دروستبونی شەڕ و ئاڵۆزی شكست بەپلانەكانیان دێنێت و ڕووداوەكانی ئەو شەوە و هەڕەشەكانی ئیران بەیەكجاری “موقتەدا سەدر”ی لەساحەی سیاسی دوورخستەوە، “ئەمریكیەكانیش” جگە لە سەیركردنی ڕووداوەكان هیچی تریان بۆنەكرا لەكاتێكدا پاڵپشتیان لە”موقتەدا سەدر” دەكرد كە براوەی یەكەمی هەڵبژاردنەكەبوو، (ڕووداوەکانی ئەوشەوە وەک خۆی نەگەیشتە میدیا).
(12 ساڵ) پێشتر و لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عیراق لە 2010دا “توركیا و ئەمریكا” پاڵپشتیان لە لیستی العیراقیەی “ئەیاد عەلاوی”دەكرد و لیستەكەش لەشەوێكدا لە ماڵی “ئەحمەد داود ئۆغلۆ”ی ئەوكاتی وەزیری دەرەوەی توركیا دروستكرا بە (91) كورسی پەرلەمانی سەركەوت بەسەر لیستی دەوڵەتی یاسای “نوری المالیكی” كە (89)كورسی هێنا، بەڵام دواجار دوای هەشت مانگ دواكەوتن حكومەتەكە بەسەرۆكایەتی “نوری مالكی” پێكهات چونكە ئیران دژی عەلاوی پاڵپشتی لە مالكی دەكرد.!!.
پێدەچێت ئەمریکا شکستەکانی لەعیراق لەبەرچاو گرتبێت، لە 2010 پاڵپشتی ئەیاد عەلاوی و لە 2021 پاڵپشتی موقتەدا سەدری کرد، هەردوو جارەکە ئیران شکستی پێهێنا و بەلایەنگرانی خۆی حکومەتی پێکهێنا، تاکار گەیشت بەوەی مقاومەی ئیسلامی بەردەوام هێرشی درۆنی و موشەکی لە عیراق و هەرێم دەکاتە سەر بنکە سەربازیەکانی ئەمریکا، لەلایەکیترەوە حکومەتەکەی سودانی بەڕەسمی داوای چونەدەرەوەی هێزە بیانیەکان لە عیراق دەکات، ئەمەش ئەمریکای ناچارکرد گەڕی یەکەمی گفتوگۆکانی لەگەڵ عیراق بۆ کشانەوەی سەربازەکانی ئەنجامدا.
ئەم چەند مانگەی دادێت گرنگترین مانگەكان دەبن بۆ عیراقیەكان، چونكە لەپاڵ گفتۆگۆی كشانەوە پێدەچێت ئەمریكیەكان لەڕێگەی موقتەدا سەدر دووبارە هەوڵی تێكدانی شەقامی شیعی بدەن كە لەمێژە ئەمریكا كاری بۆدەكات، لەلایەكیترەوە ئیدارەدانی عیراق و هەرێمی كوردستان دوای كشانەوەی ئەمریكیەكان قورستردەبێت، چونكە هاوسەنگی هێزەكان لەناو هەرسێ پێكهاتەی (شیعە. سوننە. كورد) گۆڕانكاری جددیان بەسەردادێت بەتایبەت لە هەرێمی كوردستان، ئاڕاستەی ڕووداوەكان پێچەوانەی (28)ساڵی ڕابردوو هەنگاودەنێن، جا لێكەوتەی ئەم گۆڕانكاریانە تەنها لەچوارچێوەی سندوقی دەنگدان یان شەڕی چەكداری دەبێت جارێ دیارنیە.
ئەمڕۆ یان سبەی ئەمریكا لە عیراق دەكشێتەوە، ناڕوونیەكە لەوەدایە جارێ دیارنیە عیراقی پاش دەرچونی ئەمریكیەكان چۆن دەبێت؟ خوێندنەوەکان بەئاڕاستەی ئەوەن کە عیراقیەکان لەغیابی ئەمریکادا توانای ئیدارەدانی دەوڵەتەکەیان نەبێت و کۆتایی بە عیراقی تەوافقی بێت و شەڕ و ماڵوێرانی ناوخۆیی بەرۆکمان بگرێت و ئەوکات ئەمریکا بە سیناریۆی نوێوە بگەڕێتەوە سەر تەختی شانۆی سیاسی، ئێستا هێزی باڵادەست لەعیراق لەتایمی چاوەڕوانیدان کە ئایا گفتوگۆکان چەند دەخایەنن؟، سەرئەنجام ئەمریکیەکان دەکشێنەوە یان تەنها ئەو وڵاتانەی کە بەناوی هاوپەیمانی نێوەدەوڵەتی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی داعش کە لە عیراقدان دەکشێنەوە؟، ئایا عیراق بەمەرجی ئەمریکا ڕازی دەبێت کە داوایانکردووە تا پێنج ساڵیتر لە هەرێمی کوردستان بمێننەوە؟.
ئەوەی کەبۆ کورد گرنگە دەبێت ناکۆکیەکان بۆکاتی وەلانێت!!، باشتر لێکەوتەکانی دەرچونی ئەمریکا لەعیراق بخوێنێتەوە و ئامادەی ئەگەر و پێشهاتە نوێیەکان بێت.
ئارام هادی