کتێبی (ئیکیگیای .. نهێنی ژاپۆنییەکان بۆ ژیانێکی بەختەوەر و تەمەنێکی درێژ) بڵاوکرایەوە

پۆڵەتیک پرێس

کتێبی (ئیکیگیای .. نهێنی ژاپۆنییەکان بۆ ژیانێکی بەختەوەر و تەمەنێکی درێژ) بڵاوکرایەوە.

ئەم کتێبە بەرهەمی کارکردنێکی پێکەوەییە لەلایەن چەند خوێندکارێکی قۆناخی یەکەم لە کۆلێجی دەرمانسازی زانکۆی سلێمانی و هەریەک لە هەرێم عوسمان و پشتیوان مەنسور سەرپەرشتی ئامادەکردنی پرۆژەکەیان کردووە.

هەرێم عوسمان، مامۆستای زانکۆ و یەکێک لە سەرپەرشتیارانی ئەم کتێبە دەڵێت:کتێبەکە هەوڵێکە بۆ خستنەڕووی ستایل و شێوازێکی ژیانکردن لە سەردەمی تەکنەلۆجیادا کە مرۆڤ بوونی خۆی لەبیرکردووە و رۆژانە سەرقاڵی شتانێکە کە بەهایان نیە و دوورن لە بوون و دەرون و ڕۆحی مرۆڤ خۆیەوە.

دەشڵێت: کتێبەکە بە شێوازێکی سادە باسی کۆمەڵێک مرۆڤ دەکات لە دوورگەیەک لە ژاپۆن کە بە بەختەوەریی و ئاسودەیی و تەندروستییەوە تەمەنێکی درێژ دەژین، لە سەروو سەدساڵییەوە یادی ڕۆژی لەدایکبوونیان دەکەنەوە، ئەوان نازانن خانەنشین بوون و وەستان چییە، بەردەوام سەرقاڵن و بە دوای ئامانج و مانای ژیانیاندا دەگەڕێن، ئەم بەرهەمە ڕاستە فەلسەفەیەکی سادەیە بەڵام بۆ تاک و کۆمەڵی ئێمە سوودمەندە، بەتایبەت لەم کەلتوورەی ئێمەدا کە بەهای ژیان و ژیانویستی لە پلەیەکی نزمدایە.

هەرێم عوسمان لەبارەی بەشداریکردنی لە سەرپەرشتی پرۆژەی ئەو خوێندکارانەدا دەڵێت: کارکردنم و بە چاپگەیاندنی ئەم بەرهەمە هاندانێکە بۆ خوێندکارەکانم و بزوێنەریشە بۆ خوێندکارانمان بە گشتی کە پێویستە دەستیان بگیرێت و هەوڵەکانیان بکرێت بە پرۆژە، نەک رەنج و ماندوبوونیان لەسەر رەفەکان تۆز لێیبدا یان بسوتێنرێت و بخرێتە زبڵدانەوە.

بە وتەی هەرێم عوسمان، ئەم بەرهەمە وەک سەرچاوەیەک لە پرۆگرامی خوێندنی قۆناخی یەکەمی زانکۆ سوودی لێوەردەگیرێت.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا