بڕیاری نوێ لە یەکێتیەوە… هاوسەرۆکی هەڵوەشایەوە و بافڵ جەلال تاڵەبانی بووە سەرۆک

پۆڵەتیک پرێس

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

ئەنجومەنی سەركرایەتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان راگەیەندراوێكی لەبارەی كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆی بڵاوكردەوە و ئاماژەی بەوەكردووە، لە كۆبوونەوەكەدا پەیڕەوی نوێ پەسەندكرا و پاشان بەگوێرەی پەیڕەوی نوێ كە سیستمی هاوسەرۆكی نەهێشت، بۆ تەئكیدكردنەوەی ئاسایی و نەریتی حزبایەتی بافڵ جەلال تاڵەبانی، خۆی كاندیدكرد بۆ ئەركی سەرۆكایەتی یەكێتی و ئەنجومەنی سەركردایەتیش بافڵ جەلال تاڵەبانی بە سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان هەڵبژارد .

لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە: بەسەرپەرشتی بافڵ جەلال تاڵەبانی ئەمڕۆ یەك شەممە 28 ی ئابی 2022 ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان كۆبوووە .

لە كۆبوونەوەكەدا بافڵ جەلال تاڵەبانی راپۆرتێكی زارەكی هەمەلایەنەی لەسەر دۆخی گشتی هەرێم بەتایبەت گوزەران و ژیانی خەڵكی كوردستان، عێراق ، ناوچەكە ، پرسی رێكخراوەیی و حزبی ، پەیوەندییەكانی یەكێتی لەگەڵ هێزو لایەنە سیاسییەكان، روئیای یەكێتی بۆ داهاتوو ، پێشكەشكردوو تێیدا ئامادەبووانی بەرچاوڕوونكرد لەدواین پەرەسەندنە سیاسی و ئابووری، ئەمنییەكان و رایگەیاند یەكێتی وەك هێزێكی بەرپرسیار، دەربەست بە مافەنەتەوەییەكان و بەرپرسیاری نیشمانی لەسەر یەك هێڵی ستراتیژی كوردستانی سیاسەتی خۆی بە ئەمانەتەوە جێبەجێكردووە.
بافڵ جەلال تاڵەبانی ئاماژەی بەوەكرد هەم لە هەرێم هەوڵمانداوە یەكڕیزی نیشتمانی بپارێزین و كاربكەین بۆ بەهێزتركردنی قەوارەی هەرێم و هەم لە عێراقیشدا توانیومانە ئەركە نیشتمانییەكانی خۆمان جێبەجێبكەین لەسەر بنچینەی تەوافق و هاوبەشێتی راستەقینە و پاراستنی بنەماكانی دەستوور، كە سەرۆك مام جەلال و باوكە دامەزرێنەرەكانی دیموكراسی لە عێراقی نوێ بناغەیان داناوە.

هەروەها بافڵ جەلال تاڵەبانی رایگەیاند: ئەم سەنگەی یەكێتی لە سیاسەتی عێراقیدا بەرهەمی یەكڕیزی سەركردایەتی و یەك سیاسەتی حزبەكەی سەرۆك مام جەلالە و دەست خۆشی ئەو یەكڕیزی و گیانی بەرپرسیارێتییە حزبییەی لە هەموو هەڤاڵانی سەركردایەتی كرد كە ئێستا وای لێهاتوو هەموو لایەنەكان متمانە بە سەنگ وپێگەو گوتاری یەكێتی بكەن .

ئەنجومەنی سەركردایەتی لە گفتوگۆكانیاندا دەست خۆشیان لە بافڵ جەلال تاڵەبانی و تیمی یاوەریكرد لە بەغدا كە سیاسەتەكانی ماوەی رابردوو پێگەی یەكێتی وەك زەمانی سیاسەتی حەكیمانەی سەرۆك مام جەلال بوژاندۆتەوەو سەنگی سیاسەتی كوردستانی لە عێراق و ناوچەكە بەرزكردۆتەوە .

دوابەدوای ئەوە بەپێی ئەجندای كۆبوونەوەكە گفتوگۆ لەسەر تەوەرەی راسپاردەكانی دیداری یەكێتی و هەمواری پەیڕەوی ناوخۆ كرا .
قوباد تاڵەبانی سەرپەرشتیاری دیداری یەكێتی رونیكردەوە كە راسپاردەكان بەسەر سیانزە لیژنەدا دابەشكرابوون و گەڵاڵەی بیروبۆچوونی هەزاران كادرو تێكۆشەری دێرین و نوێی یەكێتییە لە هەموو ئاست و بوارەكان، تەنانەت دۆستانی یەكێتیش لە ئەكادیمست و پسپۆڕان بەشداریان تێداكردبوو كە ئەمە دیاردەیەكی دیموكراسی حزبییە جێی دڵخۆشییە .

ئەنجومەنی سەركردایەتی دوای گفتوگۆ سەرجەم راسپاردەكانی دیداری یەكێتی پەسەندكرد و ئۆرگان و دامەزراوەكانی یەكێتی راسپارد هەریەكەو لەلایەن خۆیەوە جێبەجێیان بكات .

تەوەرێكی تری كۆبوونەوەكە تایبەت بوو بە هەمواری پەیڕەوی ناوخۆ بەگوێرەی هەلومەرجی نوێی ژیانی حزبایەتی یەكێتی .

لیژنەی پەیڕەو سەرجەم ئەو گۆڕانكارییانەی خستەبەردەم ئەنجومەنی سەركردایەتی كە بۆ گەشەكردنی ژیانی حزبایەتی یەكێتی پێویستن دوای گفتوگۆی تێروتەسەلی هەڤاڵانە پەیڕەوە نوێكە پەسەندكرا .

پاشان بەگوێرەی پەیڕەوی نوێی كە سیستمی هاوسەرۆكی نەهێشت، بۆ تەئكیدكردنەوەی ئاسایی و نەریتی حزبایەتی بافڵ جەلال تاڵەبانی ، خۆی كاندیدكرد بۆ ئەركی سەرۆكایەتی یەكێتی و ئەنجومەنی سەركردایەتیش بافڵ جەلال تاڵەبانی بەسەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان هەڵبژارد .

 

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا