ساڵێک پێش ئێستا لەدوای ئەوەی بزوتنەوەی تاڵیبان کابوڵی پایتەختی ئەفغانستانی کۆنتڕۆڵ کرد، ئەشرەف غەنی سەرۆکی ئەوکاتەی ئەفغانستان وڵاتەکەی بەجێهێشت، بەڵام هێشتا زۆر مشتومڕ هەیە لەسەر ئەوەی کە ڕۆشتووە لەگەڵ خۆیدا ملیۆنان دۆلاری بردووە.
لە نوێترین لێدوانیدا ئەشرەف غەنی هەموو ئەو دەنگۆیانە بەدرۆدەخاتەوە کە دەوترێت گوایە ملیۆنان دۆلاری لەگەڵ خۆیدا بردووە و دەڵێت، “بەبێ هیچ شتێک و تەنها بە جلەکانی بەرمەوە ئەفغانستانم بەجێهێشت”.
جەختی لەوەش کردەوە، “هەموو موڵکە تایبەتییەکانm لە ئەفغانستان بەتاڵانبراوە و لە دەرەوەش هیچ موڵکێکم نییە، لە دوایین ساتەکاندا بڕیاری جێهێشتنی ئەفغانستانم دا، بەبێ ئەوەی هیچ پلانێکی پێشوەختەم هەبووبێت و ئامادەکاریم بۆ کردبێت”.