لە وەرزی نوێی یاسا داناندا پەرلەمانی كوردستان تەمەنی خۆی درێژ دەكاتەوە

پۆڵەتیك پرێس

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

جێگری سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند: دوای ئەوەی وەرزی نوێی یاسا دانان دەست پێدەكاتەوە پێمان وایە كاری لەپێشینە دەبێت بۆ كێشەكانی خەڵك بێت باس لەوەش دەكات لە وەرزی نوێی یاسا داناندا پەرلەمانی تەمەنی خۆی درێژ دەكاتەوە بەهۆی ئەوەی تا ئێستا لایەنەكان نەگەشتووەنەتە رێككەوتن لەسەر هەمواری یاسای هەڵبژاردن.

لوقمان وەردی، جێگری سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی كوردستان بە پۆڵەتیك پرێسی راگەیاند: پێمان وایە كاری لەپێشینەی پەرلەمان دەبێت بۆ گرفتەكانی خەڵك بێت، ئێستا لە هەرێمی كوردستان كۆمەڵێك كێشە و گرفتمان هەیە، گرفتی داراییمان هەیە، گرفتی خزمەتگوزاری گشتیمان هەیە، كێشەی سووتەمەنیمان هەیە، كێشەی بەرزبوونەوەی نرخی بەنزینمان هەیە، نرخی نەوت بەجۆرێك بەرزبووەتەوە كە ئەگەر حكومەت دەرچەیەك نەدۆزێتەوە ژینگەی هەرێمی كوردستان وێران دەبێت و خەڵك ناچارە پەنا بباتە بەر بڕینەوەی دار، بۆئەوەی خۆی لە سەرمای زستان رزگاربكات، كۆمەڵێك پرسی دیكە هەیە وەك بێكاری و گرانبوونی نرخی شت و مەك لە بازاڕەكاندا پرسی فەرمانبەرانی گرێبەست و خۆبەخش وە پرسی یاسای خانەنیشنی هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ، پرسی دابەشكردنی مووچە لەكاتی خۆیدا، ئەمانە ئەو پرسانەن پێویستە ئەولەویەتیان بدرێتێ‌ لە دانیشتنەكانی پەرلەماندا.

لوقمان وەردی وەردی، وتی: رۆژی پێنج شەممەی داهاتوو پەرلەمان دەست بە دانیشتنەكانی دەكاتەوە لە وەرزی نوێی یاسادانان، بەوپێیەی هێزە سیاسییەكان نەگەشتونەتە رێككەوتن لەسەر هەمواری یاسای هەڵبژاردن و دیاری كردنی رۆژی دەنگدان، بۆ خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان، نابێت هەرێمی كوردستان بكەوێتە بۆشایی یاسایی بۆیە پەرلەمان لە رێگای پرۆژە بڕیارێكەوە تەمەنی خۆی درێژدەكاتەوە لەدوای 6_11_2022.

وتیشی: دەستوور پرسێكی گرنگی نیشتمانییە، بۆیە دەبێت رێككەوتنی هێزە سیاسییەكانی لەسەربكرێت كاتی خۆی لیژنەی نووسینەوەی دەستوور پێكهێنرا و 74 ماددەی نووسییەوە كە رێككەوتی تەواوی هێزەكانی لەسەركراوە، كاتی خۆی لەسەر سیستمی سیاسی بە پلەی یەك گرفت هەبوو ئایا ئەم سیستمە لە هەرێمی كوردستان پەرلەمانیی بێت یان سەرۆكایەتی بێت وە ئایا سەرۆكی هەرێم راستەوخۆ لەناو خەڵكەوە هەڵبژێردرێت، ئەوكات هێزە سیاسییەكان نەگەشتنە رێككەوتن و قەیرانێكی سیاسی گەورەی لێكەوتەوە و دەستوورەكە لە دایك نەبوو، ئێستا لەلایەك هەلومەرجەكە گۆڕاوە لەلایەكی دیكە قەناعەتی هێزە سیاسییەكانیش گۆڕاوە، ئەم پرسە تەنها بەپەرلەمان یەكلایی ناكرێتەوە، ئەم پرسە رەهەندی سیاسی و نیشتمانی هەیە و پەیوەندیدارە بە هێزە سەرەكیەكان، بۆیە ئێمە ئێستا لە قۆناغی سەرەتاداین، ئێستا ئێمە نازانین تێڕوانینی ئەو هێزانەی كاتی خۆی پێداگیریان دەكرد سیستمی سیاسی پەرلەمانی نەبێت لەسەر هەمان بۆچوون بەردەوامن یان نا.

روونیشیكردەوە، ئێمە ئەگەر فێڵ لەیەكتری نەكەین ئەزانین گرفتەكانی خەڵكی كوردستان لە كوێدایە، خەڵكی كوردستان بۆ ماوەی چوار ساڵ متمانەیان بەم خولەی پەرلەمان داوە، چوار ساڵ ئێمە شەرعیەتی كاركردنمان هەیە بەپێی دەنگی خەڵك، بەڵام ئێمە گرفتمان لەسەر یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان هەیە، كە 30 ساڵ پێش ئێستا دەرچووە، راستە چەند جارێك هەمواركراوەتەوە بەڵام گۆڕانكارییەكی جەوهەری لە ناوەڕۆكی یاساكەدا رووی نەداوە، زۆرینەی هێزە سیاسییەكان داوا دەكەن هەڵبژاردن بكرێتە فرە بازنە، هاوشێوەی زۆرێك لە وڵاتە پێشكەوتووەكان بەڵام پارتی و پێكهاتەكان پێیان وایە نابێت یاسای هەڵبژاردن هەمواربكرێتەوە، لە مانگی 3 ی ساڵی 2021 ەوە پرۆژە یاسا پێشكەشكراوە بۆ هەمواری یاسای هەڵبژاردن بەڵام لەبەرئەوەی نیەتی هەمواركردنەوەكە نەبووە كاری لەسەر نەكراوە، ئەگەر نیەتی هەموارەكە هەبێت حەوت رۆژ بەسە بۆئەوەی یاساكە هەمواربكرێتەوە.

باسی لەوەشكرد، جیاوازیەكانمان لەسەر هەمواری یاسای هەڵبژاردن زۆرن ئێمە پێمان وایە هەرێمی كوردستان بكرێتە چوار بازنە بەڵام پارتی لە دوایین كۆبوونەوەی سەرۆكایەتی هەرێم و لایەنە سیاسییەكان بابەتێكی دیكەیان هێناوەتە ئاراوە، كە دەڵێن نیوە بە نیوە واتە نیوەی كورسییەكان نیشتمانی بن و لەسەر ئاستی گشتی كێبڕكێ بكرێت، نیوەی دابەشی بازنەكان بكرێت، ئەم سیستمەش نامۆیە بە ئێمە، هەرچەندە ئەمە قسەیە فڕێدراوە و وەكو پرۆژە یاسا پێشكەشی ئێمە نەكراوە.لەلایەكی دیكە گرفتمان هەیە لەسەر كوسی و نوێنەرایەتی پێكهاتەكان لەسەر كەمكردنەوە نا، كەسمان داوای كەمكردنەوە ناكەین، ئێمە بڕوامان وایە كەس ئیرادەی خۆی فەرزنەكات و سازانی لەسەربكرێت بێگومان ئەمەش گفتوگۆی دەوێت.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا