خوێندنی ئۆنلاین رەتدەكرێتەوە

پۆڵەتیك پرێس
بڕیاری وەزارەتی پەروەردەو حكومەتی هەرێم بۆ دەستپێكردنەوەی پرۆسەی خوێندن بەشێوەی ئۆنلاین رەتدەكرێتەوەو داوا دەكرێت وەزارەتی پەروەردە پێداچوونەوە بەو بڕیارەیدا بكاتەوە.

بەهۆی كاریگەرییەكانی ڤایرۆسی كۆرۆناوە لەماوەی رابردودا حكومەتی هەرێم لەسەر پێنشناری وەزارەتەكانی پەروەردەو تەندروستی بڕیاریدا جگە لە قۆناغی 12ی ئامادەیی قۆناغەكانی دیكە بەشێوەی ئۆنلاین دەست بەخوێندنی ئەمساڵ بكەنەوە.

ئەو بڕیارەش هەر زوو كاردانەوەی بەدوای خۆیدا هێناو بەبڕیارێكی نەگونجاو بۆ دۆخی هەرێم دانرا، ئەوەش لەبەر چەندین هۆكار، یەكێك لەوانەش نەبوونی ئامادەكاری پێشوەختەیە بۆ پرۆسەیەكی لەوشێوە.

ئەگەر حكومەتی هەرێم مووچە دابینبكات ئەوا هەموو زەمینەیەك بۆ خوێندن لەبارە

لە نوێتریش پێشهاتدا لەسەر ئەو پرسە رۆژی 17ی ئەم مانگە یەكێتی مامۆستایانی كوردستان كۆبوەوەو داوایكرد، وەزارەتی پەروەردە بە بڕیارەكانی پێشویدا بچێتەوە و خوێندن لە هۆڵەكاندا دەستپێبكاتەوە.

دەشڵێن، “پێمانوایە لەو كاتەوەی خوێندن راگیراوە لێكەوتی خراپی هەبووە و ئێستا وەك هەلێك دەبینین تا ئەو بڕیارانەی لە پێشوودا دراون دووبارە پێداچونەوەی بۆ بكرێت و دەست بەدەوام بكرێتەوە”.

یەكێتی مامۆستایان جەخت لەوەدەكاتەوە، ئەگەر حكومەتی هەرێم مووچەیان بۆ دابین بكات ئەوا هەموو زەمینەیەك بۆ خوێندن لەبارە.

رەخنەكانی خوێندنی ئۆنلاین لەوەوە سەرچاوەی گرتووە كاتێك پێشووتر كە خوێندن بەهۆی كۆرۆناوە راگیرا، حكومەت نەیتوانی پێداویستییەكانی خوێندنی ئۆنلاین دەستەبەربكات، هاوكات لەئێستاشدا هیچ هەنگاوێكی بۆ ئەو پرۆسەیە نەناوە.

پێویستە وەزارەتی پەروەردە بە بڕیارەكانی پێشویدا بچێتەوە و خوێندن لە هۆڵەكاندا دەستپێبكاتەوە

 

پێویستە حكومەت چۆن كتێب بێ بەرامبەر دابین دەكات، ئاواش ئامێری زیرەك بۆ بەكارهێنانی سیستمەكە بێ بەرامبەر بەسەر خوێندكاراندا دابەش بكات

عەتا ئەحمەد جێگری سەرۆكی یەكێتی مامۆستایانی كوردستان بە پۆڵەتیك پرێسی راگەیاند، لە كۆبونەوەكەیاندا پرسی ساڵی نوێی خوێندن و پرۆسەی پەروەردە تاوتوێ كراوەو ئەوان بەهیچ شێوەیەك لەگەڵ خوێندنی ئەلیكترۆنیدا نین.

ئاماژەی بەوەشكرد، پێشتر پێشنیاریان بۆ ساڵی نوێی خوێندن هەبووەو ئاڕاستەی وەزارەتی پەروەدەیان كردووە، بەڵام كاری لەسەر نەكراوە، بۆیە جارێكی دیكە پێشنیاری نوێ بۆ دەستپێكردنەوەی خوێندن لەهۆڵەكاندا دەدەنەوە بەوەزارەتی پەروەردە.

یەكێك لەگرفتە گەورەكانی بەردەم خوێندنی ئۆنلاین كێشە جۆراوجۆرەكانی بواری ئایتی و هێلەكانی ئینتەرنێتە، كە بەوتەی شارەزایانی بوارەكە ژێرخانێكی تەكنەلۆژی هەرێم بۆ بەكارهێنانی سیستمی ئەیكترۆنی ئامادەنەكراوە، بەوهۆیەشەوە پێشبینی ئەوە دەكەن پرۆسەیەكی وەها لە هەرێم ئەنجامی باشی نەبێت.

رەوەند جەمال شارەزای ئایتی بە پۆڵتیك پرێسی رایگەیاند، سیستمی ئەلیكرۆنی دەكرێت هاوكاری پەروەردە و فێربوونی خوێندكاران بێت، بەڵام نەك ئەوەی لە كوردستان باسی لێوە دەكرێت كە خوێندكار ئامادەنەبێت لە هۆڵەكانی خوێندنگاكاندا.

دەشڵێت، “ئەگەر بڕیاری خوێندن بەشێوەی ئۆنلاین بێت ئەوا پێویستە حكومەت وەكو چۆن كتێب بە بێ بەرامبەر دابەش دەكات ئاواش پێویستە ئامێری زیرەك بۆ بەكارهێنانی سیستمەكە بەبێ بەرامبەر بەسەر خوێندكاراندا دابەش بكرێت”.

لەبارەی بەردەستنەبوونی هێڵی ئینتەرنێت لەناوچە دوورە دەستەكانیش رەوەند جەمال باسی لەوەكرد، كێشەكانی ناو سیستمەكە و نەبوونی ئینتەرنێت لە ناوچە دوورە دەستەكان شتێكی زۆر مەحاڵ نییە و زانستی تەكنەلۆژیا لەم رۆژەدا دەتوانێت كار ئاسانی بكات و چارەسەری لایە، بەڵام دابینكردنی ئەو پێداویستیانە دەكەوێتە سەر حكومەت كە تاچەندە خۆی بەرپرسیار دەزانێت دابین بكات.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا