زیاد جەبار: پێویستە هەموو هێزە سیاسییەكان بەشداری لە گفتوگۆكانی رەشنووسی دەستووردا بكەن

پۆڵەتیك پرێس

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لەپەرلەمانی كوردستان رایگەیاند: بڕیارە رۆژی سێ شەممە 23_8_2022 سەرۆكایەتی پەرلەمان و سەرۆكی فراكسیۆنەكان كۆببنەوە بۆ گفتوگۆكردن لەسەر رەشنووسی دەستووری هەرێم، ئەم پرسەش بەهۆی ئەوەی رەهەندێكی نیشتمانی هەیە دەبێت هەموو هێزە سیاسییەكان بەشداربن لە گفتوگۆكانی رەشنووسی دەستووری هەرێم.

زیاد جەبار، سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی كوردستان بە پۆڵەتیك پرێسی راگەیاند: ئێمە لە رابردوودا گفتوگۆیەكی زۆرمان كرد لەسەر پرسی دەستوور و یاسای هەڵبژاردن و كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی كە ئەمانە كۆمەڵە پرسێكن رەهەندی نیشتمانییان هەیە بەتایبەتی دەستوور، كە ماوەیەكی زۆرە قسە و باسی لەسەر دەكرێت و هەمووشمان باوەڕمان بەوە هەیە كە بۆشاییەكی دەستووری لە هەرێمی كوردستاندا هەیە و پێویستە پڕبكرێتەوە.

سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی وتی: بەپێی پاكێجی ئەو رێككەوتنانەی بۆ پێكهێنانی كابینەی نۆی حكومەتی هەرێم لە نێوان یەكێتی و پارتی و گۆڕان واژۆكراوە ئەوەیە جارێكی دیكە كار لەسەر رەشنووسی دەستوور بكەینەوە، چونكە لە رابردوودا كاری لەسەركراوە و یاسای بۆ دەرچوێنراوە و لیژنەی بۆ پێكهێنراوە، كۆمەڵێك ماددەی باشیش نووسرانەوە، ئێستا دەمانەوێت لە پەرلەمانەوە ئەوەی رێكاری یاساییە بۆ ئەم پرسە بیگرینەبەر.
باسی لەوەشكرد، نامەیەكیش لە سەرۆكایەتی هەرێمەوە ئاراستەی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان كراوە، بۆئەوەی رێكاری یاسایی بۆ ئەم پرسە بگرینەبەر.

روونیشیكردەوە، لەبەرئەوەی دەستوور رەهەندێكی نیشتمانی هەیە پێویستە هەموو هێزە سیاسییەكان گفتوگۆی لەبارەوە بكەن و بۆچوونی خۆیان لەبارەیەوە دەرببڕن.

زیاد جەبار جەختی لەوەكردەوە، لەبەرئەوەی دەستوور بۆ خەڵكی كوردستان دەنووسرێتەوە بۆیە نەك تەنها هێزە سیاسییەكان بەڵكو دوای ئەوەی رەشنووسی دەستوور پەسەند دەكرێت دەخرێتە راپرسییەوە و خەڵكی كوردستان دەنگی لەسەر دەدات، بۆیە دەبێت میكانزمێك بدۆزینەوە بۆئەوەی هەموولایەك بەشداری تێدابكەین.

لە ساڵی 2009 دەستووری هەرێمی كوردستان نووسرایەوە و پەرلەمان پەسندیكرد، بەڵام بەهۆی ئاڵۆزیی سیاسییەوە رەشنووسەكە نەخرایە راپرسی.

لە خولی چوارەمی پەرلەماندا جارێكی دیكە دەستوور لە كۆی زیاتر لە 120 ماددە، 73 ماددەی نووسرایەوە و ئاڵۆزیی سیاسی كۆتایی پێهێنا.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا