پۆڵەتیک پرێس:
لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
ئەمڕۆ چوارشەممە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم کۆبوونەوەی هەفتانەی سازدەکات و داواکارییەکانی وەزارەتی نەوتی عێراق لە بواری نەوت و غاز لە هەرێمی کوردستان و ڕێکارەکانی حکومەت لەوبارەیەوە دەخاتەڕوو.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد، لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزیراندا دەرئەنجــامی سەردانی شاندی هەرێمی کوردستان بەسەرۆکایەتیی مەسرور بارزانی، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران بۆ بەغدا لە ڕۆژی 23ی تەمموزی 2022 و کۆبوونەوە لەگەڵ سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری و سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران دەخرێتەڕوو.
ئەوەشی خستەڕوو، لە کۆبوونەوەکەدا پوختەی سەردانی وەزیری ڕۆشنبیری و لاوان بۆ وڵاتی ئەرمینیا و پوختەی سەردانی شاندی سەربازی هەرێم بۆ بەریتانیا و ئەمریکا دەخرێنەڕوو.
هاوکات بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکە تایبەت دەبێت بە خستنەڕووی پوختەیەک سەبارەت بە داواکارییەکانی وەزارەتی نەوتی عێراقی فیدراڵ لەبەرامبەر وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی بواری نەوت و غاز لە هەرێمی کوردستان و ڕێکارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەو بارەیەوە.
هەر لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆدا، ڕاپۆرتی وەزیری شارەوانی و گەشت و گوزار سەبارەت بە دۆخی خزمەتگوزاری دابینکردنی ئاوی پاک بۆ هاووڵاتییان و چەند پێشنیارێکی تایبەت بە جێبەجێ كردنی بابەتی خانەنشینی پلە تایبەت و پلە باڵاکان لە یاسای چاکسازی ژمارە (2)ی ساڵی 2020 دەخرێنەڕوو.