مەسرور بارزانی: پارتی وەک هەمیشە لەسەنگەری پێشەوەی بەرگری و داكۆكيکردنە لە شکۆی کوردستان

پۆڵەتیک پرێس:

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەبۆنەی حەفتا و شەشەمین ساڵیادی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە پەیامێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، “پارتی بۆ یەک ساتیش، سازشی لە سەر مافەکانی خەڵکی کوردستان نەکردووە و نایکات و هەر کاتێکیش هەڕەشەیەک بۆ سەر کوردستان هەبێت، پارتی وەک هەمیشە، لە سەنگەری پێشەوەی بەرگری و داكۆكيکردنە لە شکۆی کوردستان”.

لە دەقی پەیامەکەیدا مەسرور بارزانی ڕایگەیاند، “بە بۆنەی حەفتا و شەشەمین ساڵیادی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان و ڕۆژی لەدایکبوونی جەنابی سەرۆک بارزانی، پیرۆزباییەکی گەرم ئاراستەی جەنابی سەرۆک و سەرکردایەتی و ئەندام و لایەنگر و دۆستانی پارتی دیموکراتی کوردستان دەکەم. هیوادارم وەک هەمیشە، پارتی بەردەوام لە پێشکەوتن و پێشەنگایەتیدا بێت”.

وتیشی، “حەفتا و شەش ساڵە پارتی، وەک حیزب و بزووتنەوەیەکی جەماوەری و کوردستانی، بێ پسانەوە و دابڕان، ڕابەرایەتی بزاڤی رزگاریخوازی کوردستان دەکات و تا ئێستاش بەردەوامە لە خەبات و تێکۆشان لە پێناو دەستەبەرکردنی مافە نەتەوەیی و نیشتمانییەکان و پاراستنی دەسکەوتەکانی گەلی کوردستان”.

ئەوەشی خستەڕوو، پارتی تەنانەت بۆ یەک ساتیش، سازشی لە سەر مافەکانی خەڵکی کوردستان نەکردووە و نایکات و هەر کاتێکیش هەڕەشەیەک بۆ سەر کوردستان هەبێت، پارتی وەک هەمیشە، لە سەنگەری پێشەوەی بەرگری و داكۆكيکردنە لە شکۆی کوردستان. بۆیە ئەندامانی پارتی، شانازی دەکەن و سەربەرزن، کە خاوەنی حزبێکی نیشتمانیی و ڕێبەر و سەرۆکێکن کە هەمیشە لە سەنگەرەکانی پێشەوەیە لەگەڵ پێشمەرگە قارەمانەکان بۆ بەڕەڤانیکردن و بەرزڕاگرتنی شکۆی خەڵکی کورستان.

باسی لەوەش کرد، “شانازییەکی دیکەی مێژووی پڕ شکۆی پارتی وەک حزبێکی کوردستانی، ئەوەیە کە بەردەوام بەرگری لە مافەکانی مروڤ و مافەکانی گشت پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینیە جیاوازەکانی کوردستان دەکات و هەمیشە، پارێزەری مافی سەرجەم چین و توێژ و پێکهاتەکانی کوردستانە. لەم پێناوەشدا، پارتی بەردەوام کار دەکات لە پێناو برەودان بە کولتووری بەیەکەوەژیانی ئاشتییانە و قووڵکردنەوەی فەرهەنگی لێبوردەیی لە کوردستان”.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا