هێندە فووی تێمەكەن كە بتەقێ

ھەر كەسێك كە لە كەرتی تایبەت یان گشتی و حكومیا كار بكات، خاوەن كار چاوەڕێی كاری بەپێز و بەرھەمێكی زۆری لێئەكا لەبەرامبەر ئەوەشا مووچە و پاداشت وەرەگرێ “ھەڵبەتە لێرەیا باسەكە گشتیە و لە حكومەتی ھەرێما بچوك نەكراوەتەوە”.

مستەفا كازمیش وەك ھەر كارمەندێكی تر كارمەندی دەوڵەتە و ئەركێكی لەسەرشانە خاونكار كە میلەتە چاوەڕێی كاری بەپێزو بەرھەمێكی زۆریشی لێئەكەن.

هەر كارێك گرێبەستێكی بۆ ئەكرێ بە تایبەت ئەگەر كارەكە كاری فەرمی و لەوەش زیاتر دەوڵەتی و بەتایبەتیش پلە باڵای حكومی بێت، لە گڕێبەستەكەیا چەندین مەرج بەسەر كرێكار، فەرمانبەر یان حكومدارا ئەسەپێنرێت و لەوەودوا خاوەن كار چاودێریكەر ئەبێت و ئەگەر كەسی كارزان لە شوێن متمانەی خاوەن كارا نەبوو دوور ئەخرێتەوەو بەپێچەوانەشەوە متمانەی زیاتر دروست ئەبێت و ڕێگەی پێئەدرێ بەردەوامبێ.

گرێبەستی خاوەن كاری مستەفا كازمی و كۆی سەرۆك وەزیرانەكانی پێش خۆشی “دەستور”ە تەنها جیاوازیەكەشیان ئەوەیە ئەم هەوڵەیا لایەنی كەمی دەستور جێبەجێ بكات و ئەوانیتر بە مەزاجێ نەتەوەی و ئاین و مەزهەب كاریان ئەكرد.

بەڵام ئەوەی جێی تێڕامانە “بەدێو كردن”ی مستەفا كازمییە! تا ئێستا بەرھەمی چاكسازیەكانی كازمی بەری نەگرتووە و شتێكیشی نەكردووە كە كۆمەڵگە سودمەندی ڕاستەوخۆ بووبێ لێی، ھەڵبەتە مەبەست لە كەم بە تەماشا كردنی كارەكانی نیە، چونكوم بەراورد بە كەمی كاتی دەستبەكاربوونی چەندین جار لەوانەی پێشخۆی كاراترو كارامەتر دیارە، ھۆكاری ئەمەش ئەو پەستانەی شەقامی خوارو ناوەڕاستی عێراقە كە چیتر خەمساردی قبوڵ”گیرا” ناكەن.

گرنگە ئەوە لەبیر نەكرێ كە كازمی بۆ ئەوە ھاتووە كە ئامادەكاری بكات بۆ ھەڵبژاردنێكی پێش وەخت و ئەوەی لەتوانایا بێت ئەیكات بۆ ڕازیكردنی شەقامی ناڕازی كە ھەر خۆیان دەنگدەری ھەڵبژاردنەكانن.

كازمی وەك ھەر سیاسیەكی تر چاوی لە ھەڵبژاردنەكانە و مەبەستێتی كە جیاوازتر و چالاكتر و كارزانتر دەركەوێ تا زۆرترین دەنگ و متمانەی خەڵك بۆ خۆی بەرێ كە ئەمەش مافی ھەر سیاسیەكە ھەوڵبات لەڕێی كار و كرداری چاكەوە دەنگ بۆخۆی كۆبكاتەوە.

كەواتە ئەگەر بمانەوێ بزانین كازمی جیاوازتر و سەر ڕاستر و كارزانتر و دەستپاكترە لە پێشینەكانی ئەوەیە كە چاوەڕێ بكرێ تا دوای ھەڵبژاردنەكان، ئەگەر بتوانێ متمانەی شەقام بەدەست بھێنێ و لەسەر ھەمان ڕێچكەی ئێستا كاربكاو بەردەوامبێ و لایەنی كەم لە پاش دوو ساڵ دوای ھەڵبژاردن و كابینەی نوێ كە متمانەی لە شەقام وەرگرتبێ، ئەو كاتە ئەتوانرێ باسی سەركەوتن و جیاوازیەكانی كازمی بكرێ و سوپاس بكرێ بۆ ھاندان وبەردەوام بوون نەك ئێستا.

كۆمەڵگە خوی خۆیان دیكتاتۆرەكان دروست ئەكەن و ھەر خۆشیان لێی بێزارئەبن و ئەیڕوخێنن. ھەندێ جار لە شوێن و كاتی ھەڵەیا زۆر پیاھەڵدان و شانامە و شیعر ھەڵدان بە باڵای ھەندێ كەسا تووشی لەخۆبای بوون و گومراھی ئەكا و نمونەی لەوجۆرەش زۆرن لە مێژووا.

پیاهەڵان و دەستخۆشی لە كاری باش یەكێكە لەو هۆكارانەی كە هانی كەسەكە ئەیات بەردەوامبێ و دڵنیابێت كە بەكارێكی باش هەستاوە ئەنجامێكی باشیشی هەبووە و بەردەوامیشبێت لەسەری، بەڵام ئەوەی نامۆو سەیرە ئەوەیە سوپاسگوازی كارێك بیت كە هێشتا بەرهەمەكەی نەچنراوەتەوە و نەشزانراوە كە كەسی كارزان بە توانای خۆی ئەم كاری بە بەرهەم گەیاندووە یاخود ئەویش بەكرێگیراوی خەڵكانێكی سەروو خۆیەتی و لە چوارچێوەی ئەجندایەكی دیاری كراوا كارەكان بە ئەنجام ئەگەیەنێ و بۆی نیە لێی دەرچێ و بۆی نیە دەست بۆ هەندێ خاڵی جەوهەری بەرێت كە ڕێگەی پێنایرێ لەوە زیاتر جوڵە بكات، بۆ نمونە هەڵوەشانەوە یان توانەوەی حەشدی شەعبی لەناو سوپای عێراقا.

بۆ شەقامی كوردی، ئەگەر باس لە ناردنی بڕی ٣٢٠ ملیار دینارە بۆ مووچەی فەرمانبەران ئەمە جگە لەوەی زۆركەمەو بەشی تەوای مووچەخۆران ناكا بەڵام خۆ سەرۆك وەزیرانی پێشوو عادل عەبدول مەهدی زۆر لەوە زیاتری ئەنارد بە كەمترین سەریەشە.

ئەگەر قسە لەسەر كۆنترۆل كردنی دەروازە سنوریەكان و خاڵە خاڵە گومرگیەكانبێ ئەوا ئەوەیان عەیبەیەكە مێژوو لەسەر دەسەڵاتدارانی هەرێم تۆماری ئەكا كە بەهۆی گەندەڵی و دزی و لە دەستدانی متمانە لەلای دۆستەكان و هەڵەی ڕێفراندۆمەوە جارێكیتر و دوای ٢٩ ساڵ لە نیمچە سەربەخۆی، بەدەستی خۆیان چوونەوە نێو قەفەزی عێراق و جیابوونەوەی كوردستان و دابەش بوونی عێراق بۆ چەندین دەیەیتر دواخست و خەونی تاكی كوردیان بۆ دەوڵەتێكی سەربەخۆ تەفرو تونا كرد.

كازمی كەسێكی بێگانەیە لەسەر خاكی كوردستان بەڵام سەرۆك وەزیرانی وڵاتێكە كە بەشێكی خاكی كوردستان لەژێر ھەژموونی وڵاتەكەی ئەوا بەڕێوەئەبرێ، نابێ لەبیریشمان بچێ كە زۆربەی ئەو خەڵكەی لە پێشوازی كازمیا بوون لە كەسەی یەكەمەكانی پرۆسەی ڕێفراندۆم و جیابوونەوەی هەرێم لە عێراق و ڕاگەیاندنی دەوڵەتی سەربەخۆ بوون.

مافی خەڵكە داوای ئازادی و سەربەخۆی و ژیانێكی شایستە لە حوكمڕان و دەسەڵاتداری عێراق بكەن، بەڵام خەڵكی خوراو ناوەڕاست ڕاستەوخۆ بە حكومەتەكەی بەغاوە بەستروانەتەوە ،جیاواز لە خەڵكی هەرێم كە خاوەنی حكومەتێكی خۆجێین و ئەویش بەرپرسیاری ڕاستەوخۆی خەڵكەكەیە كە ژیانێكی شایستە بۆ دانیشتوانەكەی دابین بكات، بۆیە شورەی شەرمەزارییەكی گەورە بوو كە خەڵكی هانا بۆ كازمی بەرن لە كاتێكا ئەمان خۆیان بە حكومەت و دەسەڵات و بڕیاردەری ئەو ناوچە جوگرافیە ئەزانن كە ناوی هەرێمی كوردستانی عێراقە.

كازمی هات تا بە سیاسیەكانی عێراق بڵێ ئەوەی بە ئێوە نەئەكرا من كردم، بە توركیا بڵێ كۆی سنورەكان عێراقین، بە ئێران بڵێ ئێرەش وەك كەركوك و ناوچە دابڕێنراوەكانە كەی بمانەوێ ئەیگێڕینەوە ژێر هەژموونی خۆمان، بە دەسەڵاتدارانی هەرێم بڵێ ئێوە شكستان خواردووە ئێرە عێراقە، بە ئەمریكاش بڵێ من ئەو كەسەم كە بەدوایا ئەگەڕێن لە توانامایە ئاشتی بكەم وئارامی بگێڕمەوە بۆ وڵات.

دوای ٢٩ ساڵ لە حوكمڕانی هەرێمی كوردستان لە چوراچێوەی عێراقا نەتوانرا تاكی كورد بگەیەنرێتە ئەو بڕوایەی كە كەسێكی عێراقی نیە، بەڵكو لەژێر سایەی حوكمی خۆماڵی دەسەڵاتی كوردیا ئەگەیەنرێتە لایەنی كەمی مافەكانی لە ئازادی و دابین كردنی بژێوی ژیان، نەتوانرا تاكی كورد وا گۆش بكرێ كە هەركەسێ لە دەرەوەی دانیشتوانی سەر خاكی وڵاتەكەی خۆت بێت و ببێتە حوكمڕان ئەوە داگیركەرە، نەتوانرا شكۆی مرۆڤەكان بپارێزرێ و سایكۆلۆجیەت و مەزاجی خەڵكە هێندە ئازار درا كە داوای ژیانێكی شایستە و مووچە و مافەكانی لە كەسێك بكات كە هێندەی سەپاندنی هەژموونی حكومڕانی خۆی بەلاوە گرنگە، هێندە بیری بۆ ئازارو نەهامەتیەكانی خەڵكی نەچێ.

خەڵكی هەرێمی كوردستان دوای بێ هیوایان لە دەسەڵاتدارانی هەرێم دەستیان بۆ چڵە پووشەكەش برد تا نەخنكێن بەلام ئەوەی خەڵك لێی بێئاگایە چڵەپووشەكە خۆشی خنكاوە!

خەڵكی داوای مووچە و شایستە داراییەكانی خۆیان لە سەرۆك وەزیرانی عێراق كرد كە مافی بێ چەن و چوونی خۆایانە، بێئاگا لەوەی كە مستەفا كازمی كار بە بڕیارێكی سیاسی حكومەتەكانی پێش خۆی ئەكات كە هیچ بنەمایەكی یاسای نیە و ئەتوانێ بە بڕیارێكی سیاسی هەڵیوەشێنێتەوانێ، بەڵام ئامادە نیە بیكات و یاری بەكات ئەكات وینەی فریادڕەسێك لە مێشكی تاكی عێراقی و بە تایبەت كوردا ئەنەخشێنێ تا هەڵبژادنەكان و دوای ئەوەش چۆن ئەبێ چێ ئەكا جارێ نادیارە.

هیچ گومانی تیا نیە كە دەسەڵاتدارانی هەرێم داوای ماف لە حكومەتی عێراق ئەكەن بەڵام ئامادەنین ئەركە دەستوریەكانیان بەرامبەر عێراق جێبەجێبكەن، گەندەڵی لە داهات و قووتی خەڵكا ئەكەن، یاریان بە سامانی ژێر زەوی و سەر زەوی ئەم نەوەیەو چەندین نەوەی دواتریش كردووە، بەڵام بەپێی دەستوری عێراق ماف و شایستەی داهاتی مووچەخۆری هەرێم ئەركی سەرشانی حكومەتی عێراقە و نەئەبوو وە نابێ تۆڵەی پابەند نەبوونی دەسەڵاتی سایسی هەرێم لە خەڵكی سڤیل و مووچەخۆران بكرێتەوە، كە ئەركی سەرشانی خۆیان بۆ دەوڵەتی عێراق بەپێی ئەوەی بۆیان دیاری كراوە بەجێ ئەگەیەنن.

مستەفا كازمی ئەگەر لەخەمی مووچەخۆری خەڵكی هەرێمی كوردستانایە ئەوا باشترین كارێك كە بیكا ئەوەیە دەست لەسازدانی مووچەخۆرانی هەرێم هەڵگرێ و كار بەو بڕیارە سیاسیەی حكومەتەكانی پێش خۆی نەكا كە بەدەر لە پابەند نەبوونی حكومەتی هەرێم و ڕادەستنەكردنی داهات و گەرانەوەی بۆ خەزێنەی ئیتحادی بەڵام دنیا بینی شۆڤێنستی عەرەبی پێوەدیارە.

ئەگەر كازمی فریادڕەسەكەیە ئەوا ئەكرێ هەروەك چۆن ماف و شایستەی دارایی خەلكی خوارو ناوەڕاستی عێراق دابین ئەكات و لە سیاسەتەوە نایانگلێنێ، هەرواش ماف و شایستەی خەڵكی هەرێمی كوردستانیش دابین بكات و لەڕێی ئەمریكا و ئەوروپا و نەتەوە یەكگرتووەكان و دادگای فیدڕای عێراقەوە پەستان بخاتە سەر دەسەڵاتدارانی هەرێم كە پابەندی دەستوربن و دەست لە ئابوری سەربەخۆ هەڵگرن كە دیارترین شكست و بڕیاری كورت بینانەی حكومەتی هەرێمە، گەشت كردن لە كۆی ئەو دەسەڵاتدارنە بۆ دەرەوەی عێراق قەدەغەبكات و دەست بەسەر پارەی بانكەكانیان لەناوەو لە دەرەوە بگرێت، كە ئەمەیان باشترین و ناوەزەترین دیاری ئەبێ بۆ خەڵكی هەرێم كە كازمی بتوانێ پێشكەشی بكات.

ئەوەی لەسەرەوە باس كراوە ئاسانیە بۆ كازمی بەڵام موستەحیلیش نیە بەڵكو ئاڵەنگاریەكە كە توانا و لێهاتووی ڕژد بوونی بۆ چاكسازی ئەسەلمێنێ، ئەگەر ئەوەی كرد ئەوكات با تا ئەتوانرێ پیا هەڵدرێ و مەدح سەنا بكرێ، نەك ئێستا هێندە فوو لە میزەڵانەكەی بكرێ تا بتەقێ.

سامانی وەستا بەكر

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا