پۆڵەتیک پرێس:
لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
چەند لایەنێکی سیاسی مستەفا کازمی سەرۆکی حکومەتی کاربەڕێکەری عێراق بە بەرپرسیاری دۆخی ئێستای پڕۆسەی سیاسی عێراق لەقەڵەم دەدەن و هۆشداری دەدەن لەبارەی ڕوودانی شەڕی شیعە و شیعە و قوڵبوونەوەی ناکۆکییەکانی نێوانیان.
لەوبارەیەوە عەلی فەتلاوی ئەندامی هاوپەیمانی فەتح ڕایگەیاند، “کازمی لەپشت ئەم دۆخەی ئێستا و ڕووداوەکانی ناوچەی سەوزەوەیە، ئامانجیشی ئەوەیە بەردەوام بێت لە دەسەڵاتدا و شەڕ بخاتە نێوماڵی شیعەوە”.
لەلایەکی دیکەوە ئەحمەد عەبدولحسێن ئەندامی مەکتەب سیاسی بزوتنەوەی عەسائیبی ئەهلی حەق ئاماژەی بەوەکرد، “کازمی ڕێگەی داوە هەموو ئەم ڕووداو و قەیرانە سیاسییانە بێنەئاراوە لەپێناو ئەوەی لە پۆستەکەیدا بمێنێتەوە و پاڵپشتی ناوخۆیی و دەرەکی بۆ خۆی بەدەستبهێنێت”.
هەر لەمبارەیەوە موئەیەد عەلی شیکەرەوەی سیاسی ئەوەی خستەڕوو، “کەسانێک هەن هەوڵ دەدەن زۆرینەی شیعە لە عێراق بخەنەناو شەڕی ناوخۆوە و ئەم دۆخە وەک خۆی بهێڵنەوە لەپێناو خزمەتی حکومەتەی کازمی لەدوای بەدەستهێنانی پشتیوانی دەرەکی بۆ مانەوەی لە دەسەڵاتدا”.
لە ئێستادا دۆخی نێوماڵی شیعە لە ئاستێکی خراپدایە و بووە بە دوو بەرەی سەرەکییەوە کە ئەوانیش هێزەکانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی و ڕەوتی سەدرن، لەلایەک هێزەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی داوا دەکەن پەلەبکرێت لە پێکهێنانی حکومەت، لەلایەکی دیکە ڕەوتی سەدر داوای هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و دووبارە ئەنجامدانەوەی هەڵبژاردن دەکات.