پۆڵەتیک پرێس:
لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
چوارچێوەی هەماهەنگی لەبەردەم ناوچەی سەوزدا مانگرتنی ڕاگەیاندن و هەشت داواکاری هەیە و داوا لە هێزە کوردییەکان دەکات خێرا بکەن لە یەکلاکردنەوەی پۆستی سەرۆک کۆمار.
ئەمڕۆ هەینی چوارچێوەی هەماهەنگی هەشت داواکاری ڕاگەیاند کە ئەوانیش بریتین لە:
١-خێراکردن لەپێکهێنانی حکومەتێکی خزمەتگوزاریی نیشتمانیی کە هەموو دەسەڵاتێکی هەبێت و سەروەری بۆ وڵات بگەڕێنێتەوە و چارەسەری کێشەکانی هاووڵاتیانی عێراق بکات.
٢-داوا لە هێزە سیاسییەکان و بەتایبەتی کوردییەکان دەکەین خێرا بکەن لە پرسی یەکلاکردنەوەی کاندیدی پۆستی سەرۆک کۆمار.
٣-پشتیوانی تەواوەتی خۆمان بۆ دەسەڵاتی دادوەری عێراق و دامودەزگاکانی ڕادەگەیەنین و هەموو تەجاوزێک بۆسەریان ڕەتدەکەینەوە.
٤-داوا لە سەرۆکی پەرلەمان دەکەین هەڵپەساردنی کاری پەرلەمان ڕابگرێت و دەست بە ئەرکی خۆی بکاتەوە لە کاری یاسادانان و چاودێری کردن، چونکە ئەو لەلایەن گەلەوە هەڵبژێردراوە و گەلیش چاوەڕێیە ئەو نوێنەرەی هەڵیبژاردووە بەباشی ئەرکەکانی بەجێبهێنێت.
٥-داوا لە هێزە ئەمنییەکانمان دەکەین دامودەزگاکانی حکومەت بپارێزن تا بەبێ هیچ بەربەستێک توانای کارکردنیان هەبێت، چونکە ئەوانە بۆ خزمەتی هاووڵاتیان لە کاردان و ناکرێت ڕێگە بدرێت بە هیچ کەس بە هەر هۆکارێک بێت پەکیان بخات.
٦-داوا لە هێزە سیاسییەکان دەکەین گرنگی بە خەڵک بدەن و پابەند بن بە یاسا و دەستوورەوە لە ڕوبەڕوبوونەوەی ئاڵنگارییەکانی پەیوەست بە گوزەران و دۆسیەی ئاو و کارەبا و هەموو خزمەتگوزارییە سەرەکییەکانی دیکە کە پێویستە دەوڵەت پێشکەش بە هاووڵاتیانی بکات.
٧-هەمووان ئاگاداردەکەینەوە کە وڵات بەبێ حکومەت گەیشتووەتە قۆناغێکی سەخت و جەماوەرەکەی بەدەست دۆخی کارەساتبار و پڕ لە ئازارەوە دەناڵێنن، بۆیە بەرژەوەندییە تایبەتیی و حزبییەکانتان بخەنەلاوە و دەست بە دەستوور و یاساوە بگرن.
٨-لەڕێی ئەم خۆپیشاندانەوە ڕایدەگەیەنین کە پابەند و گوێڕایەڵی تەواوی هەموو ئەو ڕێنماییانەین کە لە مەرجەعی باڵای ئایینییەوە دەردەچن، خوای گەورەش هاوکارە لەم دۆخەدا.