مێژووی ڕەخنەیی و مێژووی شەڕەكی

هەمان شت، لە عەقڵی شەڕو لایەنگریدا شتێكەو لە عەقڵی ڕەخنەیی و ڕاستیخوازیدا شتێكی ترە. ئەوەشی كە بۆ ئێمە پێویستە، مێژووە لە عەقڵی ڕەخنەییدا، نەك مێژوو لە عەقڵی شەڕدا. مێژوو لە عەقڵی شەڕدا، هەر درێژكراوەی شەڕەكەیەو هێشتا خۆی شتێكی تر نیە. بەڵام مێژوو لە عەقڵی ڕەخنەییدا، كۆتایی شەڕو دەستپێكی شتێكی ترە، كە ئاییندەیە.

فەرقی ئەو دوو مێژووە تەنیا حزورو غیابی عەقڵە. ئامادەیی عەقڵیش لێكەوتەی خۆی هەیەو ئەخلاقیاتی خۆی ئەهێنێ، وەكچۆن غیابی عەقڵیش لێكەوتەو ئەخلاقیاتی خۆی هەیە.

لێكەوتەی “مێژووی شەڕەكیی” هێنانی شەڕەكانی دوێنێیە بۆ ناو ئێستاو لێكەوتەی “مێژووی ڕەخنەیی” ڕزگاركردنی ئێستاو داهاتووە لە شەڕەكانی دوێنێ.

ئەخلاقی ئەمیان ئەوەیە كە حەقیقەت ئەكاتە وەسیلەو شەڕی پێئەكات، بۆیە ئاسایی ڕق و عوقدەو نیازی خۆی تێوە ئەپێچێ. ئەخلاقی ئەویان، ئەوەیە كە حەقیقەت خۆی ئامانجە، بۆیە تا بتوانێ لە ڕق و شتە شەخسییەكان دایئەماڵێ بۆئەوەی ڕاستی خۆی دەركەوێ.

خۆ ئەشێ مێژووی شەڕەكییش بڕێك لە ڕاستی تێدابێت، بەڵام شەڕ وزەی تاریكییەو كاتێ حەقیقەت ئەبەیتە ناو شەڕ، ڕێك ئەیبەیتە ناوچەی تاریك.

ڕێك ئەیبەیتە ناو حەلەبەیەك كە بردنەوەو دۆڕان تیایدا ئامانجەو ڕاستی و ناڕاستی تیایدا شتێكی پلە دووە. حەقیقەتیش تەنیا لەوێدا ڕۆشن ئەبێتەوە، كە خۆی پلە یەك و سەنتەر بێت، عەقڵی ڕەخنەییش ڕێك ئەم دەرفەتەی بۆ ئەڕەخسێنێ!

مێژووی ڕەخنەیی بنیاتنەرە، چونكە لێرەداو لەپاڵ حەقیقەتا بنیاتنانیش ئامانجە. بەڵام مێژووی شەڕەكیی ڕوخێنەرەو هیچی لەسەر بینا ناكرێ، چونكە لێرەدا ئەوە هەر حەقیقەت نیە كە ئەبێتە شتێكی لاوەكی و پلەدوو، بەڵكو بنیاتنانیش. پێشتریش وتمان مێژووی شەڕەكی هەر درێژكراوەی شەڕە، دەی شەڕیش ڕوخێنەرەو ئێمە لێرەدا هێشتا لە ناوچەی ڕوخانداین.

عەقڵی ڕەخنەیی كۆكەرەوەیە، چونكە لە عەقڵی ڕەخنەییدا شەڕێك لەئارادانیەو ئەگەر ڕاستییەكەی من بەدڵی تۆش نەبێت، ئەمە ناكاتە ئەوەی كە من شەڕم لەگەڵ تۆ هەبێ. ئیتر كەمترین كاری دەروونیی منی تێدایەو كەمترین كاردانەوەی دەروونیی تۆشی لێئەكەوێتەوە، كە ئەمەش بناغەیەكی باشە بۆ ئاشتی و یەكترقبوڵكردن و پێكەوەژیان. بەپێچەوانەوە عەقڵی شەڕەكی پەرتكەرە، چونكە خودی شەڕ پەرتبوونەو ئەویش درێژكراوەی شەڕە، كەواتە درێژكراوەی پەرتبوونیشە.

لە عەقڵی ڕەخنەییدا، تۆ هەر لەناو ڕووداودایت و بێلایەن نیت، بەڵام لێرەدا لایەنداری و حەزەكانت سنوری هەیەو سنورەكەش حەقیقەتەو ئیتر تۆ لەبەردەم ڕاستیداو لەبەردەم سودی گشتی و ئاییندەسازیدا ئەوەستیت. بەڵام لە عەقڵی شەڕەكیدا لایەنداری تۆ سنوری نیەو پێ بە حەقیقەت و هەر شتێكدا ئەنێیت لە پێناو بردنەوە.

هاوسەنگی و عەدل و ئینسافیش ناكاتە بێلایەنیی، كە ئەسڵەن بێلایەنیی پەتی هەر وجودی نیەو مرۆڤ بە سروشتی خۆی كارتێكەرو كاریگەرەو لەناو دنیاكەدایە نەك لە دەرەوەی، بەڵكو عەدل و ئینسان هاوسەنگی، ستۆپ و وەستانی تۆی لایەنگرە، لەو شوێنەدا كە پێویستە بوەستیت و ئەو شوێنەش بەردەمی حەقیقەتە.

كورد ئەڵێ (لە هەر خەسارەتێ عەقڵێ) دەی ئەوە عەقڵی ڕەخنەییە كە ئەتوانێ خەسارەتمان بۆ بكات بە قازانج و بە عەقڵ. عەقڵی شەڕەكی خۆی خەسارەتەو كارەكەشی هەر ئەوەیە كە خەسارەتی دوێنێت بۆ بكات بە خەسارەتی ئێستا. لەڕاستیدا ئەگەر عەقڵی ڕەخنەیی، لە گشتا جارێك پێویست بێت، لە مێژوودا دووجار پێویستە،، چونكە پانتاییەكی گەورەی مێژوو شەڕەو ئەگەر عەقڵی ڕەخنەیی ئامادە نەبێت، شەڕەكە ئەپەڕێتەوە بۆ ئێستاو مێژووەكەش نابێ بە عەقڵ و بە قازانج، هەر ئەبێتەوە بە خەسارەت!

بۆ ئەوەشی عەقڵ ڕەخنەیی بێت، ئەبێ ئازادبێ لە زۆر شت، بەتایبەت لە ڕق و لە موقەدەس. ڕق ناتوانێ ڕەخنە دروسكات. موقەدەسیش ناتوانێ ڕەخنە قبوڵكات. ڕق ڕەخنە لەبارئەباو موقەدەس ڕەخنە لە خاچ ئەدا. ئەوەی لە ڕقەوە هاتبێ ناتوانێ ڕەخنەبێ و ئەوەی بەر موقەدەس ئەكەوێ، ناتوانرێ وەكو ڕەخنە وەرگیرێ. جا بۆ ئەوەی ڕەخنە بتوانێ هەبێ و بتوانێ بڕوات، ئەبێ دوو شت لە بەردەمیدا لابەین، ڕق و موقەدەس.

لەبەردەم ڕقدا، تۆ ئەبێ نەشتەرێكت پێبێ و كیم و جەراعەتەكان بتەقێنیت. لەبەردەم موقەدەسیشدا تۆ ئەبێ چەكوشێكت پێبێ و بتەكان بشكێنیت. ئەوەشی كە دوای ئەم تەقاندن و شكاندنە ئەمێنێتەوە، ئەشێ حەقیقەتەكە بێت. بەڵی ڕێگای حەقیقەت سەختە، چونكە ئەم دومەڵ تەقاندن و بت شكاندنەی تێدایە.

لەمدیوی ڕق و مەقودەسەوە، تەنیا شەڕو چەلەحانێ و دوێنێ هەیە. لەودیوی ڕق و موقەدەسەوە، گفتوگۆو ڕاستی و ئاییندە هەیە.

پەیكار عوسمان

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا