دژی خەڵاتكردنی سزا دراوێك یەكگرتووی ئیسلامی خۆپیشاندان ئەنجام دەدات

پۆڵەتیك پرێس

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

دوای ئەوەی یەكێك لە سزا دراوان لە چاكسازی گەورانی هەولێر كە تۆمەتی كوشتنی د.هۆشیار ئیسماعیل وتارخوێن و بانگبێژ لە شاری هەولێری بەسەردا ساغ بووەتەوە خەڵات كرا، ژمارەیەك لە ئەندامانی یەكگرتووی ئیسلامی و كەس و كاری ناوبراو، لەبەردەم ئەنجومەنی وەزیران گردبوونەوە و داوا دەكەن سزای لەسێدارەدان بەسەر بكوژەراندا جێبەجێ بكرێت.

لەساڵی 2017 لەلایەن دوو كەسەوە د.هۆشیار كوژرا و چوار مانگ پێش ئێستاش لەلایەن دادگاوە سزای لە سێدارەدان بەسەر ئەو دوو كەسەدا سەپێنرا، بەڵام یەكیان كارئاسانی بۆ كراوە و لە زانكۆی لوبنانی – فەرەنسی دەخوێنێت و بە پلەی نایاب دەرچووە و بەهۆی ئەوەشەوە خەڵات كرا، ئەوەش لەتۆڕە كۆمەڵایەتییەكان كاردانەوەی لێكەوتەوە.

بەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە، ژمارەیەك لە ئەندامانی یەكگرتوو و كەسوكاری د.هۆشیار لەبەردەم ئەنجومەنی وەزیران لە هەولێر گردبوونەوەیەكیان سازكرد و ناڕەزاییان بەرامبەر رێگەدان بەو بكوژە بۆ خوێندن و خەڵاتكردنی دەربڕی و داوا دەكەن سزای لە سێدارەدانەكە جێبەجێ بكرێت.

خانەوادەی د.هۆشیار لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایانگەیاند، دیارە بكوژەكان دەستی كەسە پلە باڵاكانیان لەپشتە، چونكە بەڕوونی بینیان كە لەبری سزا خەڵات كران، بۆیە ئەگەر بارودۆخەكە بەمشێوەیە بڕوات بیری تۆڵەكردنەوەیان لا تۆختر دەبێتەوە و چاوەڕێی یاسا ناكەن، ئەگەر بەمشێوەیە یاسا بشكێنرێت هەرێمی كوردستان غەرقی رووداو و تاوان دەبێت و داوا لە سەرۆكی حكومەت دەكەن ئەم یاسا شكێنییە راگرێت.

لای خۆشیەوە یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان لە بەیاننامەیەكدا ئاماژەی بەوەداوە، بابەتی خەڵاتكردنی بكوژی د. هۆشیار ئیسماعیل پیشێلكارییەكی گەورەی هەیبەتی دادگا و سەروەری یاسایە، لەبری لەسێدارەدان بكوژ خەڵات دەكرێت و شانازیشی پێوەدەكرێت، ئەوەش واتای سوكایەتییە بە بنەماڵەی ناوبراو.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا