فراكسیۆنی یەكێتی وەڵامێكی توندی شاخەوان عەبدوڵڵا دەداتەوە

پۆڵەتیك پرێس

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

وتەبێژی فراكسیۆنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە وەڵامی شاخەوان عەبدوڵڵا جێگری دووەمی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران رایگەیاند: یەكێتی هێزێكە بە هیج دەستكەوت و پۆستێك ئیغرا نابێ و رێگەی نەدا هیچ لایەنێك ئیرادەی خۆی بەسەریدا بسەپێنێت.

لە روونكردنەوەیەكدا وتەبێژی فراكسیۆنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق وەڵامی شاخەوان عەبدوڵڵا جێگری دووەمی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران دەداتەوە.

لە روونكردنەوەكەدا هاتووە، بەڕێز شاخەوان عەبدوڵڵا جێگری دووەمی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لە چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ بەشی كوردی رادیۆی دەنگی ئەمریكا، هەندێ لێدوانی داوە، لەسەر كێشەكانی پرۆسەی سیاسی عێراق و هەڵوێستی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، كە پێویستی بە هەڵوەستە لەسەركردنە.

1_ بەڕێز شاخەوان عەبدوڵڵا كە دەڵێ پۆستی سەرۆك كۆمار بەركەوتەی پێكهاتەی كوردە، پێویستە بەڕێزیان ئەوە بزانن پۆستەكەی بەرێزیشیان بەركەوتەی كوردە و نەدەبوو بەو جۆرە لایەندارییە حزبییە زەقە قسە بكات.

2_ ئەم قسانەی بەڕێز شاخەوان عەبدوڵڵا لە كاتێكدایە كە هەموو هێزە سیاسیەكانی عێراق بە ئاراستەی چارەسەر و هێوربوونەوە كار دەكەن، ئەم قسانەی پێچەوانەی پەیامی سەركردە باڵاكانی حزبەكەیەتی كە بۆ گفتوگۆ و چارەسەر بڵاوی دەكەنەوە.

3_ سەبارەت بەوەی كە بەرێز شاخەوان عەبدوڵڵا چوارچێوەی هەماهەنگی بەوە تاوانبار دەكات كە نێوانی یەكێتی و پارتی تێكداوە و یەكێتی ئیغرا»كردووە بە پۆستی سەرۆك كۆمار. هەموولایەك دەزانن كە پارتی دەستپێخەری كرد لەوەی بچێتە ناو هاوپەیمانی سێقۆڵی و كێشەكانی نێوماڵی شیعە و كوردیشی قووڵكردەوە و بەبێ رێكەوتنی یەكێتی و پارتی پۆستی جێگری دووەمی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران وەربگرن و كاندیدی سەرۆك كۆمار تۆمار بكەن و ئەوە پارتی بوو تەماحی لە پۆستی سەرۆك كۆمار كرد كە بەركەوتەی كورد و یەكێتی یە و تاكلایانانە لەگەڵ رەوتی سەدر بۆ پۆست رێككەوتنی ئیمزا كرد بەبێ ئەوەی یەك خاڵی لە بەرژەوەندی هەرێمی كوردستان تێدا بێت، یەكێتی هێزێكە بە هیج دەستكەوت و پۆستێك ئیغرا نابێ و رێگەی نەدا هیچ لایەنێك ئیرادەی خۆی بەسەریدا بسەپێنێت.

4- لە قسەكانیدا بەرێز شاخەوان عەبدوڵڵا دەستەواژەی «كەمینە»ی بۆ یەكێتی بەكارهێناوە، ئەم دەستەواژە و دەربڕینانە بۆ هیچ هێزێكی سیاسی گونجاو نییە بەكاربهێنرێت، بەتایبەت بۆ هێزێكی وەك یەكێتی كە ژمارەی شەهیدەكانی زیاتر لە بیست هەزار شەهیدە، سیاسەت و پێگە و سەنگی یەكێتی لە عێراقدا بە قسەی هیج كەسێك نادیدە ناگیرێ.

5_ بەڕێز شاخەوان عەبدوڵڵا بەناوی بەڕێزان لە ڕەوتی سەدرەوە قسە دەكات، لە كاتێكدا بەرێزیان ئێستا جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانن و گونجاو نییە بەناوی كەس و لایەنی ترەوە قسە بكات.

سەرباری ئەو جۆرە لێدوانانە، كە ناهەقین بەرامبەر بە یەكێتی، لەروانگەی بەرپرسیارێتیەوە، یەكێتی جەخت لەبژاردەی گفتوگۆ و چارەسەر دەكاتەوە لەئاستی نێوماڵی كوردی و لەئاستی هەموو هێزە سیاسیەكانی عێراق، بۆ كۆتاییهێنان بە گرژییە سیاسییەكان و بنبەستی سیاسی.

پەخشی راستەوخۆی رادیۆ پۆلەتیک