پۆڵەتیك پرێس
لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق كۆبووەوە و داوای لە لایەنە سیاسییەكان كرد لەسەر مێزی دیالۆگی راستەقینە كۆببنەوە و دوور بكەونەوە لە خوێنڕشتن، بڕیاریشیدا زیاتر لە 58 هەزار پارچە زەوی بفرۆشێتە ئەو هاووڵاتیانەی داهاتیان سنووردارە و بڕیاریشیداوە بنكەی سەربازی لەسەر سنووری نێوان عێراق و توركیا دروستبكرێت.
حەسەن نازم، وتەبێژی حكومەتی عێراق ڕایگەیاند: ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریداوە كە زیاتر لە 58 هەزار پارچە زەوی نیشتەجێبوون بە هاووڵاتیان بفرۆشێت كە داهاتێكی سنوورداریان هەیە.
ڕاشیگەیاند: ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بۆ كۆبوونەوەكە میوانداری بریكاری ئۆپراسیۆنە هاوبەشەكانیشی كردووە بۆ تاووتوێكردنی دۆخی سنوورەكانی عێراق و توركیا و بڕیاریداوە بودجە بۆ ئۆپراسیۆنە هاوبەشەكان خەرجبكرێت بۆ دروستكردنی بنكەی سەربازی لەسەر سنووری نێوان عێراق و توركیا.
وتەبێژی حكومەتی عێراق ئاماژەی بەوەشكرد كە ئەنجومەنی وەزیران بە ئاسانی پەلكێش ناكرێت بۆ توندوتیژی و لە ئێستادا كاتی دیالۆگ و چارەسەركردنی كێشەكانە و سەرۆك وەزیران داوای دیالۆگ و پارٍاستنی خوێنی هاووڵاتیان دەكات، چونكە ئەم مانگە، مانگی حەرامكردنی ڕژانی خوێنە.