زانیاری نوێ لەسەر کوژرانی ئەیمەن زەواهری.. خۆی ڕێخۆشکەر بووە لەوەی بکرێتەئامانج

پۆڵەتیک پرێس:

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

بەرپرسانی ئەمریکا زانیاری و وردەکاری نوێیان لەبارەی دیاریکردنی شوێن و کوشتنی ئەیمەن زەواهری سەرۆکی ڕێکخراوی ئەلقاعیدە ئاشکرا کرد و دەڵێن خۆی یارمەتیدەر بووە لەوەی بکرێتە ئامانج.

لەوبارەیەوە بەرپرسێکی باڵای ئیدارەی جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند، “ساڵانێکە ئەیمەن زەواهری خۆی شاردووەتەوە، دیاریکردنی شوێنی و کوشتنی ئەنجامی کاری ورد و ڕاستەوخۆی کۆمەڵەی ڕوبەڕوبوونەوەی تیرۆر و هەواڵگری ئەمریکایە”.

لەلایەکی دیکەوە بەرپرسێکی دیکەی ئەمریکی جەختی لەوەکردەوە، “ئۆپەراسیۆنی کوژرانی زەواهری لەڕێی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی سەربە هەواڵگری ناوەندیی ئەمریکاوە ئەنجامدراوە، بەگوێرەی ڕۆژنامەی پۆلەتیکۆی ئەمریکی لە ئۆپەراسیۆنەکەدا شوێنی خێزانی زەواهری کەوتوون و بەدەر لەوەش بەسەربردنی کاتەکانی لە باڵکۆنی ماڵەکەی ڕێخۆشکەر بووە لە بەئامانجگرتنی”.

بەگوێرەی بڵاوکراوەی ڕۆیتەرزیش، حکومەتی ئەمریکا بەدرێژایی ساڵی ڕابردوو لەدوای کشانەوەی لە ئەفغانستان لەڕێی بەرپرسەکانییەوە چاودێری ئەوەیان کردووە بزانن هیچ هێمایەک هەیە ئاماژە بە مانەوەی ئەلقاعیدە بکات لە وڵاتەکە، ئەوەبوو لەمساڵدا بەرپرسانی ئەمریکا هاوسەر و منداڵەکانی زەواهریان دۆزیەوە و زانیان کە چوونەتە ماڵێکی پارێزراوەوە لە کابوڵ.

لە سەرەتاکانی مانگی نیسانی ڕابردوو، گەورە بەرپرسانی ئەمریکا دەستیان بە ئیتڵاعات کرد و دواتر جەیک سولیڤان ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا جۆ بایدنی ئاگادارکردەوە لە زانیارییەکان.

ئاژانسی ڕۆیتەرز لە زاری چەند بەرپرسێکی ئەمریکاوە ئاماژەی بەوەکردووە، “خووی ڕاوەستانی زەواهری لە باڵکۆنی ماڵەکەی ڕێگای بە ئەمریکا داوە چاودێری بکات و دڵنیاببێتەوە لە پێناسی.

ئەوەشی خستووەتەڕوو، ئەمریکا پێش ئەوەی زەواهری بکاتە ئامانج هەوڵیداوە لەوە دڵنیاببێتەوە لە ئۆپەراسیۆنەکەیدا هەڕەشە لەسەر بیناکە و هیچ کەسێکی دیکەی مەدەنی و تەنانەت خێزانەکەی زەواهریش دروست نابێت.

ئەوەش لەکاتێکدایە پێشتر جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند، شەممەی ڕابردوو لە کابوڵی پایتەختی ئەفغانستان ئەیمەن زەواهری سەرۆکی ڕێکخراوی ئەلقاعیدە لە بۆردومانێکدا لەڕێی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە کراوەتەئامانج.

لە بەرامبەردا حکومەتی ئەفغانستان ڕایگەیاند، ئەمریکا ماڵێکی لە کابوڵ کردووەتەئامانج و ئەمەش پێشێلکارییەکی ئاشکرایە دژی بنەما نێودەوڵەتییەکان و ڕێککەوتنی دەوحە.

 

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا