مستەفا کازمی: عێراق گرژییەکی سیاسیی گەورە بەخۆیەوە دەبینێت

پۆڵەتیك پرێس

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

مستەفا كازمی سەرۆكوەزیرانی عێراق پەیامێكی نوێی لەبارەی دۆخی وڵاتەوە بڵاوكردەوە و رایگەیاند، عێراق گرژییەكی سیاسیی گەورە بەخۆیەوە دەبینێت.

مستەفا كازمی، سەرۆكوەزیرانی عێراق داوا لە خۆپیشاندەران دەكات هاوكاری هێزە ئەمنییەكان بكەن و رێز لە دامەزراوەكانی دەوڵەت بگرن.
لە پەیامەكەی كازمی دا هاتووە: عێراق بە چەقبەستنێكی سیاسیی گەورەدا تێدەپەڕێت. ئەگەر هۆشمەندان دەستوەردان نەكەن، لێكەوتەی مەترسیداری دەبێت.

هەروەها هاتووە: ئێمە هەموو رێككارەكانمان گرتووەتە بەر بۆ كۆنترۆڵكردنی رەوشەكە و پاراستنی ئاسایش و رێگرتن لە رژانی خوێنی عێراقییەكان.
مستەفا كازمی داوایشی كردووە، هەموو لایەنەكان بگەڕێنەوە بۆ گفتوگۆی سیاسی و رەوشەكە هێور بكەنەوە و لەسەر بنەمای نیشتمانی بیر لە چارەسەری كێشەكان بكرێتەوە.

لە بەشێكی دیكەی پەیامەكەدا هاتووە: لەسەر هێزە سیاسییەكان پێویستە بەرپرسیارێتی نیشتمانی و یاسایی خۆیان بگرنە ئەستۆ، حكومەتی كاربەڕێكەر هەموو ئەركەكانی خۆی جێبەجێ دەكات سەرەڕای تێپەڕینی وادەی دەستووریی بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت.
لە كۆتایی پەیامەكەیدا، مستەفا كازمی سێ داواكاری خستووەتەڕوو، لە یەكەمیاندا داوایكردووە خۆپیشاندەران هاوكاری هێزە ئەمنییەكان بكەن و رێز لە دامەزراوەكانی دەوڵەت بگرن و چۆڵیان بكەن و پابەندی سیستمی گشتیی بن.

لە خاڵی دووەمی پەیامەكەدا كازمی داوای لە هێزە ئەمنییەكان كردووە، پارێزگاری لە دامەزراوە فەرمییەكان بكەن و هەموو رێگەیەكی یاسایی بەكار بهێنن بۆ پاراستنیان لە دەستدرێژی.

لە خاڵی سێیەمی داواكارییەكانیدا، كازمی بانگەوازی لایەنەكانی كردووە لیژنەیەك لە نوێنەرانی سەرجەم لایەنەكان پێكبهێنرێت بۆ دانانی نەخشەڕێگەی چارەسەری كێشەكان.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا