ئۆپیک پڵەس لەبارەی رادەی بەرهەمهێنانی نەوتەوە کۆدەبێتەوە

پۆڵەتیک پرێس

ئەمڕۆ لیژنەی ئۆپیک پڵەس و هاوپەیمانانی بە سەرکردایەتی روسیا کۆنگرەیەکی ئۆنڵاین بەمەبەستی گفتوگۆکردن لەسەر رادەی پابەندبوون بە کەمکردنەوەی بەرهەم و دابەزینی نرخی نەوت و ئەگەرەکانی باشبوونەوەی دۆخی ئابووری دەبەسترێت.

ئەمڕۆ پێنجشەممە ١٧ی ئەیلول، لیژنەی ئۆپیک پڵەس کە پێکدێت لە بەرهەمهێنەرە گەورەکانی وەک سعودیە و روسیا کە بە دوو سەرچاوەی سەرەکی لە وڵاتانی هەناردەکاری نەوت دادەنرێن کۆنگرەیەکی ئۆنڵاین دەبەستن، ئامانج لەم کۆنگرەیە گفتوگۆکردنە لەسەر کەمکردنەوەی هەناردەی نەوت و دابەزینی نرخەکەی.

هاوکات، بڕیارە لەمیانی کۆنگرەکەدا فشاری زیاتر بخرێتە سەر وڵاتانی وەک عێراق، نەیجیریا و ئیمارات هەتا بەرهەمهێنانی نەوت بەڕێژەیەکی زیاتر کەمبکەنەوە.

لە کانوونی دووەمی ساڵی ٢٠١٧، ئۆپیک پڵەس رێژەی بەرهەمهێنانی نەوتی کەمکردەوە، بەمەبەستی کەمکردنەوەی نەوتی زەخیرەکراو لە جیهاندا، رێژەی ئەو کەمکردنەوەیەش لەنێوان مانگەکانی ئازار تا تەمموزی ئەمساڵ ئاستی پێوانەیی تۆمارکرد کە رۆژانە بڕی ٩ ملیۆن و ٧٠٠ هەزار بەرمیل نەوت بەرهەم دەهێنرا.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا