پەیامێکی هۆشداریی لە مستەفا کازمیەوە بۆ عێراق

پۆڵەتیک پرێس:

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

حکومەتی عێراق داوا لە هەمووان دەکات بە گیانی گفتوگۆی نیشتمانی لەژێر سەقفی یەک نیشتماندا ڕوبەڕوی قەیران و ناکۆکییەکان ببنەوە و بە داناییەوە لێکدانەوە بۆ ڕووداوەکان بکەن و کار بە گومان و بۆچوونی دوور لە ڕاستی نەکەن.

ئەمڕۆ پێنجشەممە نوسینگەی ڕاگەیاندنی مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد، “ئەو ڕووداوانەی لەژێر ڕۆشنایی ناکۆکییە سیاسییەکانی ئێستادا لە عێراق ڕوودەدەن مایەی دڵەڕاوکێن بۆ تێکدانی ئەو سەقامگیری و ئاشتییە کۆمەڵایەتییەی کە حکومەتی عێراق لە ساڵی 2020وە کار بۆ بەدیهێنان و جێگیرکردنیان دەکات”.

ئەوەشی خستەڕوو، “حکومەت بەدرێژایی دوو ساڵی ڕابردوو لەسەر ڕەوتێکی هێمن و نیشتمانی لەگەڵ قەیرانە سیاسییە جۆراوجۆرەکاندا مامەڵەی کردووە و هەمیشە بەرژەوەندی گشتی پێش بەرژەوەندییە تایبەتییەکان خستووە و هەوڵەکانی چڕکردووەتەوە بۆ پاراستنی ئاسایشی خەڵک و بەرژەوەندییەکانیان”.

دووپاتیشی کردەوە، “حکومەت داوا لە سەرجەم هێزە سیاسییەکان دەکات قەیرانە سیاسییەکان بەسەر حکومەتدا نەشکێننەوە و بەرنامەی گفتوگۆی بنیادنەر بگرنەبەر بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانیان و دەرهێنانی وڵات لە بنبەستی سیاسی، داواش لە هەمووان دەکات لە دۆخی هەستیار و ناسکی ئێستای عێراق تێبگەن و ڕێگریبکەن لەوەی وڵات بکەوێتەناو قەیرانی ئەمنی و کۆمەڵایەتییەوە بەتایبەت لەم دۆخە ئاڵۆزە هەرێمیی و نێودەوڵەتییەی عێراقی تێدایە”.

لە درێژەی ڕاگەیەندراوەکەدا ڕاشیگەیاند، “عێراق لەدوای ئازار و قوربانیدانی گەورە توانی بکەوێتەوە سەرپێی خۆی و پێویستە هەمووان پارێزگاری لەو دەسکەوتە بکەن و پشتیوانی لە حکومەت و دامودەزگاکانی بکەن، سەرجەم هێزە ئەمنی و سەربازییەکانیش هەستن بە ئەرکی خۆیان بۆ پاراستنی سەقامگیری ئەمنی وڵات”.

ئەوەش هاتووە، “ئێمە دروشمی بێدەنگی و نەچوونەناو ڕوبەڕوبوونەوە سیاسییەکانمان هەڵبژارد و ڕەتمانکردەوە وەڵامی تۆمەت و هەڵمەتەکانی ناوزڕاندن بدەینەوە و پارێزگاریمان لە سەربەخۆیی حکومەت کرد لە ململانێی سیاسی و هەڵبژاردن، ئەمەش لەڕێی بەشداری نەکردنی سەرۆکی حکومەت و نوێنەرانی لە هەڵبژاردنی پێشوەختەی تشرینی یەکەمی 2021، لەپێناو پاراستنی هەڵبژاردن لە هەر تۆمەتێکی ناڕاست، لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا مەکینەی تۆمەتبارکردن نەوەستا لە ناوزڕاندنی حکومەت لەو ڕۆڵە نیشتمانیەی گێڕای و سەرەڕای ئەوەش لە هەموو بۆنەیەکدا تانەی لەسەر تۆمارکرا بەبێ ئەوەی هیچ هۆکارێکی بابەتیی بوونی هەبووبێت”.

لە کۆتایشدا حکومەتی عێراق داوا دەکات هەمووان ڕوبەڕوی قەیران و ناکۆکییەکان ببنەوە و بە گیانی گفتوگۆی نیشتمانی مامەڵە بکەن، دەشڵێت، “ئاسایشی عێراق و سەلامەتی گەلەکەی ئەمانەتە و دەبێت پارێزگاری لێبکرێت”.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا