پۆڵەتیک پرێس:
لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
ئالان حەمە سەعید وەزیری پەروەردە دەستخۆشی و سوپاس ئاراستەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی سلێمانی دەکات کە گرنگی بە خوێندنی پیشەیی دەدەن.
ئەمڕۆ پێنجشەممە لە ڕاگەیەندراوێکدا ئالان حەمە سەعید ئاماژەی بەوەکرد، “بەداخەوە هەندێک میدیا هەواڵێک دادەرێژن لەبارەی زیادکردنێکی ئاشکرا بۆ فرۆشتنی چەند ئاژەڵێک بێ لێوردبوونەوە و گەڕان بەدوای وردەکارییدا، بەڵام باشتر بوو بەدواداچونیان بکردایە و دەیان راپۆرتی رۆژنامەوانی و تەلەفزیۆنیان بکردایە بۆ پشتگیریکردنی کەرتی پەروەردە بزانن بنەڕەتی ئەو بابەتە چییە و چۆنە؟ ئەوکات دەبووە هاندان بۆ گرنگیدانی زیاتر بە توانا و کارامەییەکانی قوتابیان و خوێندکاران و رۆڵی دڵسۆزانەی مامۆستاکان.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، بۆ بەرچاوڕوونی هەموو لایەک :
1-ئامادەیی پیشەیی کشتوکاڵ لە بەکرەجۆیە، بەشەکانی (ئاژەڵداری – دەواجن – رووەکداری) ساڵانە مامۆستایان و قوتابیان بە پشتگیری دارایی حکومەت ئاژەڵ و پەلەوەر و نەمام دەکڕن و مامۆستایان و قوتابیان و خوێندکاران لەو ئامادەییە پرۆژەی کشتوکاڵییان هەیە، وانەی پراکتیکی لەسەر دەخوێنن و بەخێویان دەکەن، کە بەرهەمیان زیاد دەکات و هەروەها کە سوودیان نامێنێت بۆ بابەتی خوێندن، لە کۆتایی ساڵی خوێندن بە زیادکردنی ئاشکرا و بەشێوەیەکی یاسایی راگەیاندنی فرۆشتنی بۆ دەکرێت چ ئاژەڵ بێت یان پەلەوەر یان گوڵ ونەمام…، سودەکەی دەبێتە داهات، بەکاردێت بۆ: ( بەشێکی بۆ پرۆژەی ساڵی ئایندەتر ) بەشێکی قازانجەکەی بۆ (مامۆستایان و قوتابیان و فەرمانبەرانی پەروەردە کە بەشداریان کردوە لە پرۆژەکەدا) بەشێکی دیکە بۆ (کڕینی پێداویستی تەکنیکی بەشەکانی ئامادەییە کشتوکاڵییەکە) تەرخان دەکرێت.
2- ئەم کارە ئەنجام دەدرێت بە گوێرەی ( ڕێنمایی پرۆژەکانی بەرهەمهێنان- پیشەیی).
3- ئامادەیی کشتوکاڵی سلێمانی، ساڵی پار 160 تۆن بەرهەمی گەنمی هەبووە و بە زیادکردنی ئاشکرا فرۆشراوە.
ئالان حەمە سەعید دەڵێت، “لەکۆتاییدا سوپاس بۆ مامۆستایان و قوتابیان و خوێندکاران، سوپاس بۆ پەروەردەی گشتیی سلێمانی کە توانیویانە بەکردار بەرهەمیان هەبێت .
داوا لە بەشێک لەو میدیا بەرێزانە دەکەم هاندەر بن بۆ کەرتی پەروەردە ، هاندەربن بۆ خوێندنی پیشەیی کە ئێمە وەک کۆمەڵگەی کوردستانی پێویستیمان بە برەودان و پێشخستنی خوێندنی پیشەیی هەیە و لە ئێستادا تواناکانمان چڕکردۆتەوە بۆ پشتگیریکردن و گەشەپێدانی خوێندنی پیشەیی ، هەتا خوێندنی پیشەیی و تەکنیکی پێشنەخەین بەگوێرەی بازاڕی کار وپێداویستییەکانی کۆمەڵگە ئەستەمە کادری ئامادەکراوی کارامە بۆ بازاری کاری کوردستان پەیدابکەین ، بەشێکی گەورەی وەرچەرخانی کەرتی پەروەردە ، خوێندن و فێربوونە بەکردار”.