پۆڵەتیك پرێس
لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
ئەنجومەنی وەزیرانی فیدڕاڵ ئەمڕۆ سێشەممە دانیشتنی ئاسایی خۆی بە سەرۆكایەتی مستەفا كازمی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران ئەنجامدا.
نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران لە ڕاگەیەنراوێكدا بڵاویكردۆتەوە ئەنجومەنی وەزیران بە سەرۆكایەتی مستەفا كازمی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی فیدڕاڵ كۆبوەوە كە تێیدا كۆی دۆخی گشتی لە وڵات تاوتوێكراو گفتوگۆش كرا لەسەر ژمارەیەك پرس و دۆسیەی وەزارەتەكان و راسپاردەو بڕیاری پێویستیان لەبارەوە دەركرا.
بەگوێرەی راگەیەنراوەكە، كازمی باسی لەدوا پێشهاتەكانی قەیرانی ئابووری جیهان و بەردەوامی حكومەت لەبەدواداچوون و روبەڕوبوونەوەی كاریگەرییەكانی كردوە، هەروەها ژمارەیەك دۆسیەی ئەمنی خستەڕوو كە پێشكەوتنی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە لەبواری بەرەنگاربوونەوەی گرووپە تیرۆرستەكان و راوەدوونانی باندە تاوانكارییەكان بەشێوەیەك كە یارمەتیدەر بێت لەبەهێزكردنی ئاسایش و سەقامگیری لەسەرتاسەری وڵاتدا.
هەروەها ئەنجومەنی وەزیران باسی لەو رێكارو هەنگاوانە كردووە كەپەیوەستە بەگرێبەست و كاركردن لەفڕۆكەخانەی موسڵی نێودەوڵەتی، بڕیاردرا سەرجەم هەنگاوەكانی تەواوكردنی فڕۆكەخانەی موسڵ بە خێرایی تەواو بكرێن و پێداویستییەكانیان دابین بكرێن.
هەر بەگوێرەی راگەیەنراوەكە، ئەنجومەنی وەزیران لەبارەی دۆسیەی كارەباو گفتوگۆكردن لە رێوشوێنەكان و میكانیزمە پشتێبەستراوەكان بۆ پێدانی كارەبا بەهاووڵاتیان كۆڵییەوە، هەروەها بەدواداچوونی بەردەوام بۆ هەر كەموكوڕییەك كە لەسیستمی كارەبا هەبێت.
هەروەها لەكۆبوونەوەكەی ئەنجومەنی وەزیراندا گفتوگۆ كرا لەبارەی جێبەجێكردنی پرۆژەی نەخۆشخانەی هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆو كە لەلایەن كۆمپانیای جێبەجێكارەوە كاركردن تێیدا راگیراوە، بەپێویست زانرا كە چارەسەری خێرای بۆ بكرێت.
هەر لەدانیشتنەكەدا راپۆرتێك پێشكەكرا لەبارەی پەتای كۆرۆناو ئەو رێوشوێنانەی لەلایەن وەزارەتی تەندروستییەوە گیراونەتەر بۆ بەرەنگاربوونەوەی بەرزبوونەوەی ژمارەی توشبوون و هەوڵە بەردەوامەكان بۆ دابینكردنی پێداویستییەكان و چارەسەرە پزیشكی و ڤاكسینەكان.
ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق لەكۆبونەوەكەدا بڕیاریدا دەرچوانی پەیمانگای نەوت بۆ ساڵی (2019-2020) دابمەزرێنێت، هەروەها رەزامەندی درا كە پڕۆژەی نیشتەجێبونی تایبەت بە كارمەندانی تۆڕی راگەیاندنی عێراق رەوانەی دەستەی وەبەرهێنان بكرێت.
لەكۆبونەوەكەدا بڕیاردراوە دو ملیار دینار بۆ پارێزگای واست تەرخان بكرێت بۆ دروستكردنی یەكەی نیشتەجێبون كە تەنها كەسانی هەژار دەتوانن لێی سودمەند بن.