پۆڵەتیك پرێس
لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
ئێران پێشوازی لە داواكەی محەمەد بن سەلمان شازادەی جێنشینی سعوودیە كرد، بۆ ئەنجامدانی گفتوگۆی راستەوخۆ لە نێوان هەردوو وڵات دا، رۆڵی عێراقیش لەم نێوەندگیرییەدا بە گرنگ زانرا.
ناسر كەنعانی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئەمڕۆ دووشەممە لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، خۆشبەختانە چەندین گەڕی گفتوگۆ لە نێوان تاران و ریاز بەڕێوەچووە، كە پێشتر بەغدا میواندارێتی كردووە.
راشیگەیاند، دەرەنجامی گفتوگۆكان باشن و هەردوولا هاندەرن بۆ ئەنجامدان و بەردەوامی دیدارەكانی نێوانیان.
كەنعانی روونیكردەوە، دوای بەڕێوەچوونی لووتكەی ریاز، فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق پەیوەندییەكی تەلەفۆنی لەگەڵ حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران ئەنجامدا، ناوەڕۆكی لووتكەكەی پێ راگەیاند.
وتیشی: وەزیری دەرەوەی عێراق لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەی لەگەڵ عەبدوڵڵاهیان رایگەیاندووە، محەمەد بن سەلمان شازادەی جێنشینی سعوودیە ئامادەیی بۆ ئەنجامدانی گفتوگۆی راستەوخۆ لەگەڵ تاران لە بەغدا دەربڕیووە.
لە مانگی نیسانی 2021 عێراق سەرپەرشتی پێنج گەڕی دیكەی گفتوگۆی نێوان تاران و ریازی لە سەر ئاستی بەرپرسانی ئەمنی و هەواڵگری لە بەغدا كرد، بە گوێرەی لێدوانەكانی وەزیری دەرەوەی عێراق، هەردوو وڵات ئەمجارە گفتوگۆی راستەوخۆ ئەنجامدەدەن.