لیژنەی ئۆڵۆمپی عێراق لە خولێكی وەرزشی لە توركیا دەكشێتەوە

پۆڵەتیك پرێس

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

نووسینگەی جێبەجێكردن لە لیژنەی ئۆڵۆمپی عێراق رۆژی یەك شەممە لە میانی كۆبوونەوەیەكی بەپەلەدا بڕیاریدا لە خولی یارییەكانی هاریكاری ئیسلامی بكشێتەوە كە لە وڵاتی توركیا ئەنجام دەدرێت.

میدیای لیژنەی ئۆڵۆمپی لە ڕاگەیەنراوێكدا بڵاویكردەوە: كە نووسینگەی جێبەجێكردن لە لیژنەی ئۆڵۆمپی نیشتمانی عێراق كۆبوونەوەیەكی بەپەلەی ئەنجامدا و تێیدا لەبارەی قەیرانی ئەمدواییانەوە بڕیاریدا لە پێشبڕكێیەكانی خولی پێنجەمینی یارییەكانی هاریكاری ئیسلامی بكشێتەوە كەوا بڕیارە سەرەتای مانگی داهاتوو لە توركیا بەڕێوە بچێت.

بە گوێرەی راگەیەنراوەكە، وەك ناڕەزاییەك لەبەرامبەر رژانی خوێنی هاووڵاتیانی بێتاوانی عێراق لە یەكێك لەسەیرانگاكانی شاری زاخۆ و هاوتەریب لەگەڵ هەڵوێستی میللی و راسپاردەكانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە دوایین دانیشتنیدا و هەڵوێستی حكومەت كەخۆی لەبەیاننامەی وەزارەتی دەرەوەدا دەبینێتەوە، نووسینگەی جێبەجێكردن لە لیژنەی ئۆڵۆمپی نیشتمانی عێراق لە دانیشتنی بەپەلەی خۆیدا بڕیاریدا لە پێنجەمین خوولی یارییەكانی هاریكاری ئیسلامی بكشێتەوە كەوا بڕیارە رۆژی 9ی مانگی ئابی داهاتوو لەشاری قۆنیای توركیا بەڕێوەپچێت.

راگەیەنراوەكە ئاماژەی بەوەشداوە، كە بڕیارەكەی لیژنەی ئۆڵۆمپی عێراق گونجاوە لەگەڵ سیستەمی دەوڵەتی عێراق بە هەردوو بەشەكەی، پەرلەمان و حكومەت بەو پێیەشی بەشێكە لە ئاوات و داواكارییەكانی گەلی عێراق.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا