پۆڵەتیك پرێس
لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
ژمارەیەك پەرلەمانتار داوای كۆبوونەوەی پەرلەمانی كوردستان لەبارەی بۆردومانەكانی توركیا دەكەن، ئەمەش لەكاتێكدایە، ئەمڕۆ پەرلەمانی عێراق لەسەر هەمان پرس بە ئامادەبوونی وەزیرانی بەرگری و دەرەوە و سەرۆك ئەركانی سوپا كۆبووەوە.
عوسمان سێدەری ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی یەكێتی رایگەیاند: لەبارەی هێرشەكانی توركیا بۆ سەر خاكی هەرێمی كوردستان ژمارەیەك پەرلەمانتاری یەكێتی داوای كۆبوونەوەی پەرلەمانی كوردستانمان كردوە.
وتیشی: پێویستە پەرلەمانی كوردستان لەسەر ئەو پرسە خۆی بڕیاری كۆبوونەوە بدات، نەك پەرلەمانتاران داوای بكەن، چونكە پەلامارەكانی توركیا بۆ سەر خاكی هەرێمی كوردستان رووی لەزیادبوون كردوەو خەڵكی مەدەنی زیاتر دەكرێنە ئامانج.
سێدەری راشیگەیاند: راستە لەئێستادا پەرلەمانی كوردستان لەكاتی پشوودایە، بەڵام بۆ هەر حاڵەتێكی نەخوازراو ئاساییە كۆبوونەوە ئەنجامبدرێت و بڕیار بدات، لەگەڵ ئەوەشدا كاتی خۆیەتی لە ئێستادا پەرلەمانی كوردستان قسەی لەسەر ئەو پرسە هەبێت.
هەر ئەمڕۆ پەرلەمانی عێراق كۆبوونەوەیەكی تایبەت بە هێرشەكانی توركیا بۆ سەر هەرێم و عێراق ئەنجامداو وەزیرانی بەرگری و دەرەوە و سەرۆك ئەركانی سوپا ئامادەیی كۆبوونەوەكە بوون، پەرلەمانتارانی عێراقیش داوایان كرد سنورێك بۆ دەستدرێژییەكانی توركیا دابنرێت كە بەهۆیەوە هاووڵاتیانی مەدەنی شەهید و بریندار دەبن.
ڕۆژی 20 ی ئەم مانگە سوپای توركیا، تۆپبارانی گوندی پەرەخی لە سنووری زاخۆ كرد و بەهۆیەوە نۆ گەشتیار گیانیان لەدەستدا و 23 ی دیكەش بریندار بوون، كە سەرجەمیان لە نەتەوەی عەرەب بوون و خەڵكی ناوەڕاست و خوارووی عێراق بوون.