یەكەم پارێزگای عێراق هاوردەكردنی كاڵای توركی قەدەغە كرد

پۆڵەتیك پرێس

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

لە كاردانەوەی هێرشەكەی توركیا لە هاوینەهەوارێكی سنوری زاخۆ، كە زیاتر لە 30 گەشتیار بوونە قوربانی، ژووری بازرگانی دیالە بڕیارێكی بەپەلەی سەبارەت بە مامەڵەكردن لەگەڵ توركیا دەكرد و سەرجەم جوڵە بازرگانییەكانی لەگەڵ ئەو وڵاتە ڕاگرت.

دوێنێ چوارشەممە، سوپای توركیا هێرشی كردە سەر گوندی پەرەخ لە زاخۆ، كە بووە هۆی گیان لەدەستدانی نۆ كەس و برینداربوونی 23 كەس، كە سەرجەمیان هاوڵاتیی بە ڕەچەڵەك عەرەبی دانیشتووی ناوەڕاست و خوارووی عێراق بوون.

موسا تەمیمی، ئەندامی ژووری بازرگانی دیالە ڕایگەیاند، ژووری بازرگانی دیالە بڕیارێكی بۆ هەموو بازرگانانی دەركردووە، بۆ ئەوەی كاڵای توركی هاوردە نەكەن بە هەموو جۆرەكانییەوە، ئەمە جگە لەوەی داوا لە كۆمپانیا گەشتیارییەكان دەكات كە گەشت بۆ ئەنقەرە و شارەكانی توركیا ڕابگرن.

تەمیمی وتیشی: نیشتمان لە بەرژەوەندی بەنرخترە و بایكۆتكردنی كاڵاكانی توركیا زیانی قورسی لێ دەكەوێتەوە بۆ توركیا، كە ئەمەش وەڵامدانەوەی ئەو هێرشانەیە توركیا لە هەرێمی كوردستانی عێراق ئەنجامیان دەدات و نوێترینیان هێرشەكەی دوێنێیە، كە نۆ هاوڵاتی گیانیان لەدەستدا.

پەخشی راستەوخۆی رادیۆ پۆلەتیک