كۆرۆنا ٢٥ ساڵ جیهانی دواخست

پۆڵەتیك پرێس: لاڤە واحید

بەپێی راپۆرتێكی دامەزراوەی گەیتس بۆ كاری خێرخوازی، ئەو كارەساتانەی بەهۆی پەتای كۆرۆناوە رووبەڕووی جیهان بوونەتەوە، دەبنە دوو هێندە، ئەگەر ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ كە هۆكاری پەتاكەیە كۆنتڕۆڵ نەكرێت.

ئەو راپۆرتە كە رۆژنامەی تێلیگرافی لەندەنی بڵاویكردووەتەوە باسی لەوەكردووە، ٢٥ هەفتەی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا كاریگەری كردووەتە سەر ٢٥ ساڵ پێشكەوتنی جیهان لە چەندین ناوچەی جیاجیا.

بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا بەشێوەیەكی لەناكاو گەشەی جیهانی راگرت، بەپێی راپۆرتەكە بەراورد لەنێوان ئەم پەتایەی ئێستا و ئەنفلۆنزای ئیسپانی كراوە كە لە ساڵی ١٩١٨ بڵاوبووەوە.

 

ئەو كارەساتانەی بەهۆی پەتای كۆرۆناوە رووبەڕووی جیهان بوونەتەوە، دەبنە دوو هێندە

لە راپۆرتەكەدا هاتووە، ئەنفلۆنزاكەی ساڵی ١٩١٨ لەچاو تروكانێكدا لە قەیرانێكی تەندروستییەوە گۆڕا بۆ قەیرانی ئابووری، خۆراك، قەیرانی نیشتوجێبوون و سیاسی.

راپۆرتەكە جەخت لەوە دەكاتەوە، ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ كە بەهۆیەوە زیاتر لە ٩٤٠ هەزار كەس گیانیان لەدەستداوە هاوشێوەی ئەنفلۆنزای ئیسپانییە لە دروستكردنی قەیرانەكاندا.

لەلایەكی دیكەوە، لە راپۆرتەكەدا ئاماژە بەگرنگی هاریكاری جیهانی كراوە لە روبەڕوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، هاوكات باس لەوەكراوە، ئەو لێكەوتانەی ڤایرۆسەكە هەیبووە گەورەن و پێویستی بە یەكێتی نێودەوڵەتی هەیە.

راپۆرتەكە ئاماژەی بەوەكردووە، شتێك نییە بەناوی چارەسەری ناوخۆیی بۆ ئەم قەیرانە جیهانییە، پێویستە سەرجەم دەوڵەتان پێكەوە كار بۆ لەناوبردنی ڤایرۆسەكە بكەن و هەوڵ بۆ دووبارە بنیادنانەوەی ئابووری بنێنەوە، لەگەڵ ئەوەشدا، تا درەنگتر درك بەمە بكەین، چارەسەرەكە كات و تێچووی زیاتری پێویست دەبێت.

راپۆرتەكە جەختی لەوە كردووەتەوە، بەرفراوانترین كارەسات لە ماوەی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنادا داڕمانی ئابوورییە، بەجۆرێك هەموو وڵاتان پشكیان بەركەوتووە، ئەوەش هاتووە، لەدوای كۆتاییهاتنی جەنگی جیهانی دووەمەوە جیهان بە خراپترین پاشەكشەی ئابووریدا تێپەڕ بووە.

 

شتێك نییە بەناوی چارەسەری ناوخۆیی بۆ ئەم قەیرانە جیهانییە، پێویستە سەرجەم دەوڵەتان پێكەوە كار بۆ لەناوبردنی ڤایرۆسەكە بكەن

هاوكات، راپۆرتەكە مەترسییەكی نوێی روونكردووەتەوە لەكاتی دابەشكردنی ڤاكسینی كۆرۆنای نوێ، ئەویش ئەوەیە، ئەگەر وڵاتانی دەوڵەمەند لەكاتی كڕینی ڤاكسینەكە دڵنیانەبنەوە لەوەی بەپێی ژمارەی دانیشتووانی جیهان دابەش دەكرێت، ئەوا رەنگە رێژەیەكی بێشووماری دیكەی خەڵكی بەهۆی ڤایرۆسەكەوە گیان لەدەست بدەن.

دەركەوتنی ڤایرۆسی كۆرۆنا دەگەڕێتەوە بۆ كۆتاییەكانی مانگی كانونی یەكەمی ساڵی ٢٠١٩، وردە وردە لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٠ دەنگۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەكە بە جیهاندا بڵاوبووەوە، ئەوەبوو لە ٢٠ی كانوونی دووەمی ٢٠٢٠ شی جینگ بینگی سەرۆكی چین رایگەیاند، ڤایرۆسەكە لە كەسێك بۆ كەسێكی دیكە دەگوازرێتەوە و رۆژێك دواتر و لە ٢١ی مانگدا رێژەی ئەو كەسانەی بەهۆی كۆرۆناوە لە چین گیانیان لەدەستدا گەیشتنە شەش كەس.

 

ئەو لێكەوتانەی ڤایرۆسەكە هەیبووە گەورەن و پێویستی بە یەكێتی نێودەوڵەتی هەیە

بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا هەتا ئێستاش بەردەوامی هەیە و بەشێك لە وڵاتانی زلهێز لە هەوڵی بەرهەمهێنانی ڤاكسینێكی كاریگەردان دژی ئەو ڤایرۆسە، بەڵام هەتا ئێستا رێكخراوی تەندروستیی جیهانی دانی بە هیچ كام لە ڤاكسینەكاندا نەناوە و پەسەندی نەكردووە.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا